جارێکی دیکە دواخرا
دانیشتنی دادگایی کەیسی نەقیب محەمەد و هاوڕێکانی نەکرا
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
وا بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە، شەشەم دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی کەیسی کوژرانی نەقیب محەمەد و برینداربوونی چوار هاوڕێی دیکەی بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا.
رۆژی 24.12.2023 پێنجەم دانیشتنی ئەو دادگاییە بەڕێوەچوو، ئەوکات بڕیاری قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان درا و دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 7.1.2024 دواخرا.
پەیامنێری 964 کە لە دادگا ئامادەبوو لەگەڵ کارزان فازیڵ، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی نەقیب محەمەد قسەی کرد و ناوبراو بە 964ی راگەیاند، بەهۆی بوونی پشووەکانەوە یەکێک لە تۆمەتبارەکان نووسراوی ئامادەبوونی لە دادگا پێنەگەیشبوو و ئامادە نەبوو بۆیە دادوەر دانیشتەنەکەی بۆ 22.1.2024 دواخست.
وتیشی، “دادوەری کەیسەکەشی گۆڕاوە و ئێستا دادوەرێکی نوێی هەیە”.
نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بوو، شەوی 4.12.2021 لەگەڵ چوار کارمەندی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە چوونە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە لەسەر توندوتیژی خێزانی سکاڵای لەسەربوو، بەڵام لەو ماڵەی تۆمەتبارەکانی لێ بوو تەقە کرا، نەقیب محەمەد کوژراو، چوار کارمەندەکەی تریش برینداربوون، دواتر دەزگا ئەمنییەکان وتیان تەقەکەرەکە، ئەو کەسە و باوکی بوون کە تیمەکە چووبوون دەستگیری بکە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی