حاسڵاتی ئەمڕۆ

ئەمریکا هێرشەکەی بەغدای خستە ئەستۆی خۆی

964+

ژووری هەواڵ

ئەمریکا هێرشەکەی بەغدای خستە ئەستۆی خۆی، ئەمەش حاسڵاتی رووداوەکانی ئەم پاشنیوەڕۆیەیە بە خێرایی.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە: سوپای ئەمریکا هێرشەکەی ئەمڕۆی بەغدای ئەنجامداوە، چونکە ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی کە کوژرا بەرپرس بووە لەو هێرشانەی دەکرانە سەر سوپای ئەمریکا.

ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس بڵاویکردەوە شەوی ساڵ لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا دەستەیەکی تایبەتی سوپای ئەمریکا ژنێکیان لە غەزە رزگارکردووە کە هاوسەرەکەی سەربازی ئەمریکایە، ئەو پرۆسەیەش بەهاوکاری ئیسرائیل و میسر کراوە.

سەرچاوە فەلەستینییەکان دەڵێن لەکۆی 325 شوێنەواری گەورەو مێژوویی لە غەزە، بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە 200 شوێنیان بەتەواوی خاپوور بوون.

ئاژانسی بلومبێرگ بڵایکردەوە: لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا جموجۆڵەکانی نۆکەندی سوێس بەرێژەی 28% کەمیان کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەو هێرشانەوەیە کە حوسییەکان لە دەریای سوور ئەنجامی دەدەن.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە کەناڵی NBC وتووە: تائێستا هیچ یەکێک لەو بژاردانەمان پەسەند نەکردووە کە خراوەتە بەر دەستمان بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر حوسییەکانی یەمەن.

میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن: ئەمریکا دڵنەوایی حکومەتی ئیسرائیلی داوەتەوەو پێی راگەیاندووە کشاندنەوەی کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکە مانای ئەوە نییە ئەمریکا ئیسرائیل ناپارێزێت.