شارەوانی ئاگادارە
خێرخوازێک جادەی کۆرنیشی خانەقین چاک دەکات
964+
راژان باجەلان – خانەقین
جادەی کۆرنیشی خانەقین چەند ساڵێکە بەرزونزمیی زۆری تێکەوتووە و حکومەت نەهاتووە بەلایدا، دواجار خێرخوازێک بڕیاری چاککردنی دا و ئەمڕۆ پێنجشەممە کارکردن لەسەری دەستیپێکردووە.
جادەی کۆرنیش لە رۆخی رووباری ئەڵوەنە و هەردوو گەڕەکی مەیدان و تۆڵەفرۆش بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئەو شوێنەی پێویستی بە چاککردنە کەمترە لە 500 مەتر و ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکردبوو.
حاجی حازم شەکەرچی، بە 964ـی وت، جادەی کۆرنیشی خانەقین هەموو جارێک زیاد لە هەفتەیەک پاش بارانبارین رێگەی لە هاوڵاتیان دەگرت و بۆ هاتوچۆ دەبوایە هاوڵاتیان ڕێگای تر بەکاربهێنن”.
وتیشی، “چەندین ساڵە هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی چاککردنی نەگرتە ئەستۆ، بۆیە ئەمڕۆ ئێمە بەم ئەرکە هەستاین و لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا چاکی دەکەین و ئەو ئاستەنگەی هەیبووە نایهێڵین”.
شارەوانیی خانەقین ئاگادارە، بەڵام هەماهەنگیان لەگەڵ ئەو کەسەدا نییە کە شەقامەکە چاک دەکات.
غەسان باجەلان، سەرۆک شارەوانیی خانەقین بە 964ـی وت، “ئاگادارین لەو کارکردنەی لەسەر جادەی کۆرنیشی خانەقین دەکرێت، بەڵام هیچ هەماهەنگییەک نییە لەنێوان شارەوانی و تیمەکانی ئەوێ”.
دەشڵێت، جادەکە بەشێکی دەکەوێتە ناو موڵکی تایبەت و خەریکی دیاریکردنی سنوورن جیاکردنەوەی جادەکە لە موڵکە تایبەتەکە.
کەنیسەی بشاره لە خانەقین تەمەنی زیاتر لە 70 ساڵە و دەرگاکەی داخراوە
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد