لە 2022ـدا 7576 تاوان لە دهۆک تۆمار کراوە

+964

فەرمان سادق

پۆلیسی دهۆک، ئاماری سەرجەم ئەو تاوانانەی راگەیاند کە لە ساڵی 2022 ئەنجام دراوە، لە کۆی 7576 تاوان، 3658 تاوانبار دەستگیر کراون.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە پێنجی کانونی دووەمی 2023 لە بینای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک هاتە ئەنجامدان، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک ئاماری تاوانەکانی ساڵی 2022ـی راگەیاند.

+964 بەدواداچوونی بۆ ئامارەکە کردووەو دەرکەوتووە کە لە ساڵی 2022ـدا حەوت هەزارو 576 تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامدراوە، زۆرترینی تاوانەکانیش فێڵبازی بووە.

بەپێی ئامارەکەی پۆلیسی دهۆک بێت، 23 تاوانی کوشتنی ئەنقەست روویداوە کە پێنجیان ژن بوونە، لەسەر ئەمەش 35 کەس دەستگیر کراون کە هەشتیان ژنن، هەروەها پێنج تۆمەتباری دیکەش هەڵاتوون. هەروەها کوشتنی بە هەڵە چوار حالەت بووە کە یەکێکیان ژن بووەو دوو تۆمەتباریش گیراون. هاوکات 45 حالەتی خۆکوشتنیش روویداوە کە 16ـی ژن بووە، سێ تۆمەتبار دەستگیر کراون و دانەیەکیش رای کردووە.

لە 2022ـدا 948 حالەتی دزیکردن بەشێوەی گشتی لە دهۆک روویداوەو 786ـیان دەستگیر کراون و 261 تاوانباریش هەڵاتوون. هەروەها سکاڵا لەسەر 675 کەس تۆمار کراوە لەسەر خراپ بەکارهێنانی مۆبایل، 213ـیان دەستگیر کراون. جگە لەمەش 157 کەس لەسەر کاری ساختەکاری سکاڵای لە دژ تۆمار کراوەو 100 کەس گیراوەو ئەوەی دیکە هێشتا نەگیراون. هەرچی حالەتی فێڵبازی و تەڵەکەبازی بووە کە زۆرترین سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە، دوو هەزارو 528 حالەت بووە، تەنیا 706ـیان دەستگیر کراون. هاوکات 357 کەسیش لەسەر سواڵکردن سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوەو 323ـیان دەستگیر کراون.

پێوەند بە چەکی بێ مۆڵەت، 954 حالەت بە پێش دەرکردنی بڕیارەکەی حکومەت و پاش دەرکردنی بڕیارەکە تۆمار کراوە، تەنیا 30 کەس دەستگیر کراون. شەش کەسیش لەسەر تەقە کردن سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە، چواریان دەستگیر کراون، هاوکات 12 کەسیش لەسەر مادەی هۆشبەر سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.

لە دهۆک، 588 کەس لەسەر هەڕەشە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوەو 337ـیان دەستگیر کراوە، شەڕکردن بە گشتی هەزارو 89 سکاڵای لەسەر بووە، هەر هەموویان دەستگیر کراون.

پێوەند بە سووتان، 39 حالەتی سووتان تۆمار کراوە کە 21ـی ژن بوونە، چوار پیاویش دەستگیر کراون، هاوکات 19 حالەتی خۆسووتانیش تۆمار کراوە کە 12ـیان ژن بوونە.

لەبارەی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاکانیش، پۆلیسی دهۆک دەڵێ: 132 حالەت هەبووەو پێنج کەس دەستگیر کراون و دوو تۆمەتباریش هەڵاتوون.

بە کۆی گشتی لە کۆی حەوت هەزارو 576 تاوانی جۆراوجۆر لە ساڵی 2022 لە دهۆک، سێ هەزارو 658 تاوانبار دەستگیر کراوەو دوو هەزارو 443ـیان دەستگیر نەکراون.