لەبەر سێ هۆکار
بۆچی کۆمسیۆن ناتوانێت لەمانگی شوبات هەڵبژاردن ئەنجام بدات؟
964+
فەهمی نەبی
ئێوارەی ئەمڕۆ وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ی رایگەیاند، ئەوان ناتوانن لە25ی شوباتی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدەن لەبەر سێ هۆکار.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ی راگەیاند، ناوەرۆکی ئەو نوسراوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی ناردووە سێ هۆکاری دەستنیشانکردووە، ئەوانیش هۆکاری یاسایی، دارایی و تەکنیکین.
وتەبێژی کۆمسیۆن دەڵێت، لە رووی یاساییەوە هێشتا دادگای فیدرالی ئەو سکاڵایەی یەکلایی نەکردوەتەوە، ئایا لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بەیەک بازنە دەکرێت یان بە چەند بازنەیەک، (وا بڕیارە رۆژی 21.1.2024 دادگای فیدرالی جارێکی دیکە لەسەر ئەو سکاڵایە کۆببێتەوە).
“لەرووی داراییەوە راستە حکومەت 70 ملیاری بۆ پرۆسەکە تەرخانکردووە، بەڵام دواکەوتنی پارەکە هۆکارێک بوو بۆ دواکەوتنی هەڵبژاردن، جگە لەوە لەگەڵ کۆمپانیاکان رێککەوتنمان هەیە بۆ دابینکردنی ئامێر و فۆرم و کەرەستەی هەڵبژاردن چاوەڕوانی پەسەندکردنین” جومانە غەلای وای وت.
ئەوەش دەڵێت، لەرووی تەکنیکیەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاتەکەی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان زۆر نزیک بوو.
22.5.2023 کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە وەڵامی نووسراوێکی دادگای فیدڕاڵیدا رایگەیاند، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی هەرێم دەردەبرێت.
دواتر لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوو سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 25.2.2024ـی وەک وادەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریی کرد.
رۆژی 12.12.2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە خهرجكردنی زیاتر لە 70 ملیار دینار بۆ بهڕێوهچوونی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و لافاو لە هەرێم.