2024 ساڵى هەڵبژاردنەکانە

964+

وریا فەتاح

2024ـە و ساڵ ساڵى هەڵبژاردنە، بەشێوەیەک زیاتر لە دوو ملیار کەس کە نوێنەرایەتى 49%ى دانیشتوانى جیهان دەکەن لەو ساڵەدا دەتوانن دەنگ بدەن و ملیارەها دۆلار بۆ پڕۆسەکانى هەڵبژاردن تەرخان دەکرێت.

بەشێکى زۆر لەو وڵاتانەى هەڵبژاردن تێیاندا بەڕێوە دەچێت وڵاتى قەبە و گەورەن لەرووى ژمارەى دانیشتوانەوە.

هەڵبژاردنەکان لە 64 وڵاتى جیهان بەڕێوە دەچن، هەریەك لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،رووسیا، ئێران، باشووری ئەفریقا، هیندستان و مەکسیک لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە لە ساڵی 2024دا هەڵبژاردنی نیشتمانی ئەنجام دەدەن.
هەرێمى کوردستانیش یەکێکە لەو جوگرافیایانەى جیهان کە بڕیارە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدات.

بەرێوەچونى هەڵبژاردن بە ماناى ئەوە نیە رێگاى دیموکراسى گوڵڕێژکراوە، زۆرێک لەو هەڵبژاردنانە رەمزین و لەئێستاوە هەموو شتێک یەکلایى بووەتەوە.

لە پاکستان، عمران خان بەناوبانگترین سیاسەتمەدارى ئەو وڵاتە و سەرۆک وەزیرانى پێشو، لە زینداندایە و پارتەکەشى سەرکوتکراوە و لایەنگرانیشى لە مانگى شوباتەوە دەستگیرکراون.
لە رووسیا دەبێت ببینین، ئایا ڤلادمێر پۆتین بانگەشەى هەڵبژاردن ئەنجام دەدات، ئایا هێشتا خەڵکى روسیا دەنگ بە پشتگیرى شەڕ دەدەن، ئەمە بۆ ئۆکرانییەکانیش راستە ئایا دەنگ دەدەنەوە بە زێلێنسکى؟.

فیلى هەڵبژاردنەکەش لە واشنتۆنە
پێشبڕکێی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە لە مانگی نۆڤەمبەردا دەگاتە لوتکە، بەشێوەیەک پێگەى ئیکۆنۆمیست بە” گەورەترین مەترسى بۆسەر جیهان” ناوى برد، چونکە ترەمپ دەیەوێت وەک فیلێک بگەڕێتەوە.

ئەمەى دەیبینن لیسى ئەو ولاتانەیە کە لە 2024 دا هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن:

هیندستان
ژمارەی دانیشتووان: یەک ملیار و 43 ملیۆن کەس
هەڵبژاردنى پەرلەمان

یه‌كێتی ئه‌وروپا
ژمارەی دانیشتووان: 448 ملیۆن کۆى گشتى 27 وڵاتى ئەندام
هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانی ئەوروپا……

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
ژمارەی دانیشتووان: 341 ملیۆن کەس
هەڵبژاردن(ـەکان): سەرۆکایەتی، ئەنجومەنی پیران، و ئەنجومەنی نوێنەران

ئیندۆنیسیا
ژمارەی دانیشتووان: 279ملیۆن کەس
هەڵبژاردن(ـەکان): سەرۆکایەتی، پەرلەمان

پاکستان
ژمارەی دانیشتووان: 243 ملیۆن کەس
هەڵبژاردن(ـەکان): ئەنجومەنی نیشتمانی

بەنگلادێش
ژمارەی دانیشتووان: 174 ملیۆن کەس
هەڵبژاردنى پەرلەمان

رووسیای فیدراڵ
ژمارەی دانیشتووان: 144 ملیۆن کەس
هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى

مەکسیک
ژمارەی دانیشتووان: 129 ملیۆن کەس
هەڵبژاردن(ـەکان): سەرۆکایەتی، ئەنجومەنی پیران

ئێران
ژمارەی دانیشتووان: 89.5 ملیۆن کەس
هەڵبژاردن(ـەکان): ئەنجومەنى راوێژکاران، ئەنجومەنى شارەزایان

لیستى چەند هەڵبژاردنێکى دیکە:
(شانشینە یەکگرتووەکان، باشوری ئەفریقا، کۆریای باشوور، جەزائیر، ئۆکرانیا، ئوزبەکستان، غانا، مۆزەمبیق، مەدغەشقەر، ڤەنزوێلا، تایوان، سوریا، مالی، سریلانکا، رۆمانیا، چاد، سەنیگال، کامبۆدیا، ڕواندا، تونس، بەلجیکا، کۆماری دۆمینیکەن، ئوردن، باشووری سودان، کۆماری چیک، ئازەربایجان، پورتوگال، بێلاروس، تۆگۆ، نەمسا، سلڤادۆر، سلۆڤاکیا، فینلاند، مۆریتانیا، پەنەما، کرواتیا، جۆرجیا، مەنگۆلیا، ئۆرۆگوای، کۆماری مۆڵدۆڤا، لیتوانیا، بۆتسوانا، نامیبیا، گینیا بیساو، باکووری مەکدۆنیا، مۆریس، کۆمۆرۆس، بۆتان، ماڵدیڤ، ئایسلەندا، کیریباتی، سان مارینۆ، پالاو، تیوڤالۆ).