دەوامیشیان تیادا نییە

قوتابخانەکانی ناحیەی بنگرد سەوز دەکرێن

964+

بەرزان عوسمان – دوکان

زیاتر لە 100 رۆژە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە قوتابخانەکان داخراون، بەڵام لە ناحیەی بنگرد رێکخراوێک هەڵمەتێکی نەمام چاندنی لە قوتابخانەکان دەست پێکردوە.

رێکخراوی تەما بۆ پەروەردە و رۆشنبیری  رێکخراوێکی ناحکومیە لەسنووری ناحیەکە کاردەکات و بەهاوکاری  خێرخوازان کارەکانیان ئەنجام دەدەن.

ژیلوان عەبدولرەحمان بەرپرسی پلان و پرۆژەکان لە رێکخراوی تەما بە 964ـی وت، بۆزیاتر جوانکردنی سیمای قوتابخانەکان و زیادکردنی رێژەی سەوزایی بەهاوکاری خێرخوازان هەڵمەتێکی نەمام چاندمان لە قوتابخانەکانی سنوری ناحیەی بنگرد دەست پێکردوە.

وتیشی، “لەسەرەتای هەڵمەتەکەماندا 80 نەماممان لە جۆری زەیتون و ئیرۆزۆنیکا  لە قوتابخانەی بنگردی بنەڕەتی چاند، هەڵمەتەکەش بەرداوام دەکەین لە سەرجەم قوتابخانەکان داواکارین لە هاوڵاتیان  و خێرخوازان هاوکارمان بن لە دابینکردنی نەمام یاخود بە پارە بۆ ئەوەی نەمامی پێ دابین بکەین”.

لەسنووری ناحیەی بنگرد زیاتر لە 10 قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی هەیە  و بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان تائێستا دەرگای قوتابخانەکان نەکراوەتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی