ئۆتۆمبێلێک بە ئامانجگیراوە

گوندى بێپاڵانى سنورى پشدەر بۆردومان کرا

964+

وریا فەتاح

ئێوارەى ئەمڕۆ، بنارى قەندیل لە سنوورى قەزاى پشدەر بۆردومان کرا و بە پێى زانیارییەکانى 964، بۆردومانەکە لە سنورى گوندى بێپاڵانى سەر بە ناحیەى سەنگەسەر بووە.

بە پێى ئەو وێنانەى پەیامنێرى 964 گرتوویەتى، ناوچەیەک لە بنارى قەندیلى سنوورى پشدەر بۆردومان کراوە، 964 پەیوەندى بە عەبدوڵا عەباس، بەڕێوەبەرى ناحیەى ژاراوە کرد و ئەو رایگەیاند، “بۆردومانەکە لە سنوورى گوندەکانى ژاراوە نەبووە، بە پێى بە دواداچوونەکانمان، بۆردومانەکە لە سنوورى گوندى بێپاڵانى سنوورى ناحیەى سەنگەسەر بووە.

لەسەر ئەو بابەتە، نەهرۆ عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى ناحیەى سەنگەسەر بە 964ى وت،”دۆڵى سێوەیسى لە سنورى گوندى بێپاڵان بۆردومانکراوە، بەڵام بۆردوومانەکە لە دەرەوەى گوندەکە بووە و هیچ کەسێکى مەدەنى زیانى پێنەگەیشتووە”.

وتیشى،”ئەمڕۆ، بەبەردەوامى درۆن و فڕۆکەى جەنگى لە سنورەکە هەبووە و هاووڵاتییان هەستیان پێکردووە”.

دانیشتوویەکى گوندى شێخانى سەر بە ناحیەى سەنگەسەریش بە 964ى وت،”لە بەیانییەوە بە بەردەوامى، دەنگى فڕۆکەمان بیستووە و ئاگاداربووین، بەڵام نازانین بۆردومان هەبووە یان نا”.

نوێکرایەوە 7:45

“ئۆتۆمبێلێک بە ئامانجگیراوە”

کامەران مەلا عوسمان، ئەندامى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPT، کە رێکخراوێکى تایبەتمەندن بە چاودێریکردنى بۆردوومانەکان، بە 964ى وت،”بەپێى بەدواداچوونەکانمان، کاتژمێر 4:15 خولەکى ئێوارە، دەرەوەى گوندى بێپاڵان بۆردومانکراوە و ئۆتۆمبێلێک بە ئامانجگیراوە، بەڵام هیچ هاوڵاتییەکى مەدەنى زیانى پێنەگەیشتووە”.

جەختیشى کردەوە، بۆردومانەکە، ترس و دڵەڕاوکێى لاى خەڵکى گوندەکە دروستکردووە.