هه‌یانه‌ تائێستاش نه‌كراوه‌ته‌وه‌

ئه‌مساڵ چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى له‌ هه‌رێم داخراون

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ پشكنینى بۆ ته‌واوى نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلى و حكومییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلیشی داخستوون و ده‌شڵێت، نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كانیش كه‌موكوڕییان تێدایه‌.

لیژنه‌كه‌ى وه‌زاره‌ت سه‌ر به‌ بەڕێوبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوونه‌ و له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌وه‌ راده‌سپێردرێن بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌ى شاره‌كان بكه‌ن و به‌دواداچوون و پشكنینیان بۆ ئه‌نجام بده‌ن.

دوایین نه‌خۆشخانه‌ كه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌سه‌رى كردووه‌ته‌وه‌، نه‌خۆشخانه‌ى گشتى ناحیه‌ى ته‌قته‌ق بووه‌ له‌ سنوورى قه‌زاى كۆیه‌ و لیژنه‌كه‌ دواى كۆتایی هاتنى پشكنینه‌كه‌یان له‌ سۆشیاڵ میدیاكه‌یان نووسیویانه‌ “لە ساڵی 2023 دا توانیمان ئەو ئەرکەی بە ئێمە سپێردرابوو وەک خۆی جێبەجێی بکەین و توانیمان پشکنین بۆ تەواوی نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان بکەین”.

د. کەنعان کانەبی، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی پشکنین و بەدوداچوون له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌ 964ـى وت، لیژنه‌كه‌یان توانیویه‌تى پشكنین بۆ ته‌واوى نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلى و حكومییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكات”.

وتیشی “له‌ئه‌نجامى پشكنینه‌كان چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلیمان داخستوون و ژماره‌یه‌ك نه‌خۆشخانه‌ى حكومیش به‌هۆى بوونى كه‌موكوڕی جیاجیاوه‌ ئاگادار كراوه‌نه‌ته‌وه‌”.

به‌ڕێوه‌به‌رى پشكنین و به‌دواداچوون، ئاماده‌ نه‌بوو ژماره‌ى ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ داخراوانه‌مان بۆ ئاشكرا بكات، به‌بیانوى ئه‌وه‌ى چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ ئامارى ته‌واوى كار و چالاكییه‌كان بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و له‌ناو ئه‌و ئاماره‌ گشتییه‌ش ئامارى لیژنه‌كه‌ی ئه‌وانیشی تێدایه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، له‌ئه‌نجامى پشكنینه‌كانیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ كه‌موكوڕى زۆر له‌هه‌ردوو جۆرى نه‌خۆشخانه‌ له‌ رووى ده‌رمان و پێداویستى پزیشكى و دكتۆره‌كانه‌وه‌ هه‌بووه‌.

بۆ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كانیش باسی له‌وه‌كرد، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییانه‌ى داخراون تا ئێستا نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و نه‌خۆشخانه‌ش هه‌بووه‌ ماوه‌یه‌ك داخراوه‌ و سزاى پێبژاردنى بۆ كراوه‌ و دواتر كراوه‌ته‌وه‌ و زۆربه‌شیان كێشه‌ى نوێكردنه‌وه‌ى مۆڵه‌تیان هه‌بووه‌.

11 نه‌خۆشخانه ‌و سه‌نته‌رى جوانكارى داخران

11 نه‌خۆشخانه ‌و سه‌نته‌رى جوانكارى داخران