دارتاشەکانی قەیسەری… 80 ساڵ لەگەڵ دار و تەختە

ئێستا نەوەکانیان فێردەکەن

میدیازان – شۆرش عەبدولستار – هەولێر

وێنەی گوزەرەکە – میدیازان

یەکێك لەو پیشانەی کە بازاڕی قەیسەری شاری هەولێری پێدەناسرێتەوە، دارتاشییە، دوای نزیکەی 80 ساڵ دارتاشانی ئەم بازاڕە هەوڵیانداوە نەوەکانی دوای خۆشیان فێری پیشەکە بکەن بۆیە تا ئێستاش ماوەتەوە.

ئەم پیشەیە مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەڵام دوای نزیکەی سەدەیەک هێشتا یەکێکە لەو پیشانەی کە تا ئێستاش وەکو کولتوور لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر ماوەتەوە.

دارتاشەکانی بازاڕی قەیسەری پیشەکەیان بە بەشێک لە کولتوور و مێژووی شاری هەولێر دەزانن، کارزان موحسین ناسراو بە کارزانی دارتاش، بە میدیازاینی راگەیاند، لە منداڵییەوە ئەم کارە دەکەم، لەباب و باپیرانەوە بۆ ئێمەوە ماوەتەوە، تەمەنی دووکانەکە نزیک بە 80 ساڵ دەبێت.

بەشێک لە دووکانەکانی دارتاشین لە بازاڕی قەیسەری هێندە کۆنن بۆ مۆزەخانە دەشێن.

جاران دارتاشەکان بە مشاری دەستی کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا ئامێری دارتاشی پێشکەوتوو هاتووە کە کارەکانیانی خێراتر کردووە و دارتاش دەتوانێت کەلوپەلەکان بە ماوەیەکی کەم دروست بکەن.

کارزانی دارتاش دەڵێت، “ئێمە زیاتر لانکە دروست دەکەین بۆ منداڵان، تا ئێستاش خەڵکێکی زۆر لانکە دەکڕێت، واتە کارەکەمان هەر بەردەوام و باشە.”

کارزانی دارتاش زیاتر وتی، پێشتر لە دار کەولپەلی و پێداویست ناوماڵمان دروست دەکرد، تەنانەت پێشتر خانووی ماڵەکان سەریان گڵ بوو، دەبوو دار لەژێری دابنێن، ئیمە ئەویشمان دروست دەکرد، بەڵام ئیستا زیاتر لانکە دروست دەکەین.”

مێژووی دروستکردنی بازاڕی قەیسەریی شاری ھەولێر بۆ زیاتر لە 200 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لەنێو جەرگەی شار لە بەرامبەر قەڵای ھەولێر هەڵکەوتووە، رووبەرەکەی نزیکەی 50 ھەزار مەتر چوارگۆشەیە، سەدان دوکان لەخۆدەگرێت و رۆژانەش ھەزاران ھاووڵاتی سەردانی بازاڕەکە دەکەن.