16 ساڵە دروستکراوە
پارکە تاقانەکەی قەدش بووەتە وێرانە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە کۆمەڵگەى قەدش تەنیا پارکێک بوونى هەیە، بەڵام زیاتر لە 10 ساڵە پارکەکەی کەڵکى نەماوە و شارەوانیش دەڵێت، لە پلانماندایە نۆژەنی بکەینەوە.
نەعمان رێکانی، یەکێک لە دانیشتوانى کومەڵگەی قەدش قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت، “هیچ پارکێکی گشتی لە قەدش نییە، ئەمە بووە بە گرفت بۆ گەنجانی کومەڵگەکە و لەسەر شەقامەکان پیاسە دەکەن، بۆیە داواکارین پارکێکمان بۆ دروست بکرێت”.
“پارکەکە نۆژەن دەکرێتەوە”
964 پەیوەندى بە رێڤینگ عادل، بەڕێوەبەری شارەوانی قەدش کرد و ئەو وتى، “بودجەى پێویست لەبەردەست نییە، بەڵام لە پلانماندایە ساڵانی داهاتوو پارکەکە نۆژەن بکەینەوە، چونکە ئەو بودجەیەی لە بەردەستیشمان بووە بۆ دروستکردنی رێگای گەڕەکەکان تەرخرانکراوە”.
ئاشکراشى کرد، پڕۆژەی دروستکردنی پارکێکی گەوریان هەیە کە نۆ هەزار مەتر دووجایە و بە قۆناغ دروستدەکرێت، قۆناغی یەکەم سێ هەزار مەتر دووجا دروستدەکرێت.
لەساڵی 2007ـەوە، ئەم پارکە لە کۆمەڵگەی قەدش دروستکراوە و رووبەرەکە زیاترە لە 500 مەتر دووجا، بەڵام بەهۆى کۆنى و خزمەتنەکردنى، هاوڵاتیان ناتوانن سوودی لێببینن.
کۆمەڵگەی قەدش سەر بە قەزای ئامێدییە و دانیشتوانەکەی نزیکەی 10 هەزار کەس دەبێت.
پێداچونەوە؛ وریا فەتاح