سندووقی شێرپەنجە دەبووژێندرێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆکردنەوەی پاڵپشتیی دارایی بۆ سندووقی شێرپەنجە پێکهاتووە. بڕیارەکە هی وەزارەتی داراییە پاڵپشت بە یاسای سندووقی شێرپەنجە.

964+  دەزانێت، کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزارەتەکانی دارایی، تەندروستی، سامانە سروشتییەکان، گومرگی هەرێم، سەرۆکی سندووقی شێرپەنجە و نوێنەری دەستەی وەبەرهێنان بەڕێوەچووە.

سندووقی شێرپەنجە بە یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2012 بەناوی سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دەرکراوە و لە دە ماددەدا باس لە زیاتر لە دە سەرچاوەی داهات دەکات تا بۆ ئەو سندووقە کۆبکرێتەوە.

پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان بە 964+ـی راگەیاند: کۆبوونەوەکە لەسەر پێشنیاری وەزارەتی دارایی بووە لەژێر رۆشنایی ئەو یاسایەی بۆی پەسەند کراوە.

دەشڵێت؛ لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەک پێکهات تا هەر نوێنەرە و لە وەزارەت و دەستەکەی خۆی وردەکاریی داهاتەکان ئامادە بکات تا بزاندرێت دەتواندرێت چەند و داهات بۆ سندووقەکە دابین بکرێت.

پێشتر بە بەردەوامی داهات بۆ ئەو سندووقە هاتووە، بەتایبەت لە رێگەی پارەی نەختینەی هاووڵاتییانەوە کە لە رێگەی سندووقەکانی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە کۆکراونەتەوە.

“پێشتر کەمترین سوود لە داهاتی سندووقەکە وەرگیراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەرێم لە قەیراندا هانای بۆ خەرجکردنی پارەکە بردووە”، یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بۆ شێرپەنجە لە سلێمانی وای بە 964+ وت.

پسپۆڕان و نەخۆشخانەکانی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام زەنگی مەترسیی زیادبوونی ئەو نەخۆشییە لێدەدەن.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوەشکرد، هیواخوازن ئەو کۆبوونەوە بۆ بووژاندنەوەی سندووقەکە ئاراستەی خۆی وەربگرێت و داهاتی کۆکراوەی سندووقەکە بخرێتە خزمەتی نەخۆشانی شێرپەنجەوە.