لە دهۆک
بەهۆی شەڕی چەند خوێندکارێکەوە دەوامی پەیمانگایەکی ناحکومی داخرا
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
بەهۆی شەڕی نێوان چەند خوێندکارێکی پەیمانگایەکی ناحکومی لە دهۆک، خوێندکاران نێردرانەوە ماڵەوە و خوێندنگەکە داخرا.
لەگەل بیستنی دەنگۆی شەڕەکە یەکسەر پۆلیسی دهۆک گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و شەڕەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
خوێندکارێکی پەیمانگاکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە 964ـی وت، هەر لە ناو پەیمانگاکەدا لە ناکاو شەڕ لە نێوان 10 خوێندکار دروستبوو، کە بەیەکیاندادا و برینداری لێکەوتەوە.
وتیشی، هەر ئەو کاتە پۆلیس ئاگادار کرایەوە و گەیشتنە ناو پەیمانگا و چەند خوێندکارێکیان لەگەڵ خۆیان برد.
هەر ئەو خوێندکارە باسی ئەوەی کرد سەرەتا دوو خوێندکار لەگەڵ یەک بەشەڕ هاتوون دواتر هاوڕێکانیان تێکەڵی شەڕەکە بوون و گەورە بووە.
عەقید هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە 964ـی وت، دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە بە هەبوونی شەڕ لە پەیمانگایەکی ناحکومیی سەنتەری دهۆک، یەکسەر پۆلیسەکانمان گەیشتنە شوێنەکە و شەڕەکەیان هێورکردووەتەوە.
وتیشی، بە هیچ شێوەیەک چەک لە شەڕەکەدا بەکار نەهاتووە و کەسیان دەستگیر نەکردووە و تەنیا چەند خوێندکارێک راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و رەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە
پێداچوونەوە: توانا نەقی