کوردی فەیلییە
کاندیدێکی سەربەخۆی کورد کورسییەکی بەغدای مسۆگەر کرد
964+
بەهرە محەمەدئەمین
بەربژێرێکی سەربەخۆی کوردی فەیلی لە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، سەرکەوتنی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا مسۆگەر کرد.
عامر داود ئەو کوردە فەیلیەییە، کە کورسی کۆتای کوردە فەیلییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدای بەدەستهێناوە، بە ربژێرێکی سەربەخۆیە و سەر بە هیچ قەوارە و لیستێک نییە .
کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوای چەند کاتژمێرێک دواخستن ئەمشەو ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی رایگەیاند کە دوێنێ لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوچوو.
ئەنجامە راگەیاندراوەکەی کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی نییە و تەنیا 94.4٪ی دەنگەکانە، عامر زیاتر لە 3436 دەنگی بەدەستهناوە، لە کۆی 15 هەزار دەنگی کوردانی فەیلی لە بەغدا.
بە گوێرەی شیکاری 964 ئەگەر ئەو 6٪ ی رێژەی ماوەی دەنگەکانیش، کە نزیکەی هەزار دەنگێکە، هەمووی بۆ رکابەرەکانیشی بڕوات، هیچ لە ئەنجامەکە ناگۆڕێت و عامر تازە کورسی خۆی مسۆگەر کردووە.
ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا لە 49 کورسی پێک دێت و کورسییەکیان تایبەتە بە کوردانی فەیلی.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، کە دوێنێ 18ی کانوونی یەکەم بەڕێوەچوو لە بەغدا هەردوو پارتی کوردی “یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان”بەربژێریان بۆ کورسی کۆتای فەیلیەکان هەبوو، بەڵام ئەم کاندیدە سەربەخۆیە کورسییەکەی بردەوە.