بەڵام کۆنتڕۆڵ ناکرێت

لە ناڵپارێز 59 کورەى خەڵوز روخێنران

964+

وریا فەتاح

لە سنورى ناوچە شاخاوییەکانى ناحیەى ناڵپارێزى سەر بە قەزاى پێنجوێن، ژمارەیەکى زۆر کورەى خەڵوز روخێنران، پۆلیسى دارستانى پێنجوێنیش دەڵێت: خەڵک لە بێ ئیشیدا ئەو کارە دەکات

لەلایەن مەفرەزەیەکى بنکەى پۆلیسى دارستان و ژینگەى ناڵپارێز و پۆلیسى پێنجوێن و ئاسایشى ناڵپارێز، لە هەردوو گوندى زەرەدۆیى و دۆڵەچەوت 59 کورەى دروستکردنى خەڵوز بە ئامێرى شۆفڵ، روخێنران.

“خەڵک لە بێ ئیشیدا ئەو کارە دەکات”

موقەدەم عادل جەلال، بەڕێوەبەرى پۆلیسى دارستان و ژینگەى پێنجوێن بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت: هۆکارى بونى ئەم هەموو کورەى خەڵوزە لە سنورى پێنجوێن دەگەڕێتەوە بۆ نەبونى کاروکاسپى، چونکە خەڵک ئیشى نیە و دەست بۆ ئەو ئیشە دەبات، جگە لەوەش ناڵپارێز و سنورەکە شاخاوییە و دورە دەست و دابڕاون لە چاوى خەڵک.

هیچ رێگەیەکى یاسایى نییە بۆ ئەوەى کەسێک کورەى خەڵوز دابنیت، بە وتەى عادل جەلال ساڵانى پێشتر مۆڵەت دەدرا، بەڵام ئێستا نە خەڵک داوا دەکات و نە مۆڵەتیش دەدرێت بۆ ئەوەى بە شێوەى یاساى کورە دابنێیت.

بەپێى قسەى پۆلیسى دارستانى پێنجوێن، تاڕادەیەک توانیویانە رێگرى بکەن، بەڵام بەهۆى سەختى و شاخاویبونى ناوچەکە، ناتوانن 100% کۆنتڕۆڵى بکەن.