باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان - وێنە: وەزارەتی ئەوقاف
964 بەدواداوچون دەکات
لە هەولێر خاوەن مزگەوتێک مەلاى مزگەوتەکەى دەرکردووە؟
964+
وریا فەتاح
964 بەدواداچوون بۆ دەنگۆى دوورخستەوەى مەلاى مزگەوتێکى هەولێر دەکات و دەردەکەوێت مامۆستا ئاینییەکە و خاوەنى مزگەوتەکە کێشەیان هەبووە، ئەوقافى هەولێریش دەڵێت: هیچ خاوەنى مزگەوتێک بۆى نییە مامۆستاى ئاینى دووربخاتەوە.
دواى ئەوەى گرتەى ڤیدیۆ ساتى ماڵئاوایی کردنى مەلاى مزگەوتێکى هەولێر لەگەڵ نوێژخوێنانى مزگەوتەکە بڵاو بووەوە و لە سۆشیال میدیا واخرایەڕوو کە خاوەنى مزگەوتەکە مەلاکەى دەرکردووە، 964 بەدواداچوونى بۆ ئەو بابەتە کرد.
تەیب زرار، بەڕێوەبەرى گشتیى ئاوقافى هەولێر، قسەى بۆ 964 کرد و دەڵێت: ئاگادارى بابەتەکەین، لێکتێنەگەیشتنێک لە نێوان خاوەنى مزگەوتەکە و مامۆستا ئاینییەکە دروستبووە، بۆیە ئێمە دوو جار لەگەڵ مامۆستا ئەیوب دانیشتین و پشتگیرى خۆمانمان بۆ دەربڕى و پێمان وت “مەڕۆ”.
باسى لەوەشکرد، مامۆستا ئاینییەکە 10 ساڵە لە مزگەوتەکە وتاربێژە و هیچ کێشەیەکى نەبووە، لەگەڵ خاوەنى مزگەوتەکەش دۆستایەتى و خزمایەتییان هەیە، بەڵام بەم دواییانە کێشەیەک لە نێوانیاندا دروستبووە.
هەرچەندە ئەوقافى هەولێر دەستەواژەى (خاوەنى مزگەوت)، بەکارنایەنێت و دەڵێت خێرخواز واتا ئەوەى مزگەوتى دروستکردووە، بەڵام جەخت دەکاتەوە، هیچ خاوەنى مزگەوتێک بۆى نییە مەلاى مزگەوت دەربکات، ئەوەشى رویداوە دەرکردن نەبووە، چونکە وەک بەرێوەبەرى گشتى ئەوقافى هەولێر دەڵێت: مامۆستا ئەیوب وتویەتى خانوم دروستکردووە و مزگەوتەکە جێدەهێڵم و نامەوێت دواى 10 ساڵ کێشە دروست ببێت.
روونیشى دەکاتەوە، شێوازى ماڵئاوایى کردنەکە سۆز و عاتیفەى نوێژخوێنانى مزگەوتەکەى جوڵاندووە و بابەتەکە بە ئاراستەیەکى دیکەدا خوێندنەوەى بۆ کراوە، ئەگینا مزگەوتێکى دیکە بۆ مامۆستاکە دیاریکراوە و درێژە بە کارى خۆى دەدات.
964 ویستى لێدوانى مامۆستا ئەیوب گۆم زەردى، وەربگرێت، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانى نەدایەوە.