رووداوی هاتوچۆ هۆکارە
زیاتر لە سێ کاتژمێرە رێگای نێوان کەرکوک – بەغدا داخراوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە سنووری داقوق بەدیاری کراوی لەسەر پردەکەی داقوق بەهۆی روواوێکی هاتوچۆوە سەدان ئۆتۆمبێل گیریان خواردووە.
حسیێن جاسم شۆفێرێکی رێگای نێوان بەغدا کەرکوک بە 964ـی وت، نزیکەی کاتژمێرێکی دەوێت تاوەکو لە پردەکە دەپەڕینەوە، هۆکارەکەشی رووداوێکی هاتوچۆ بووە کە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری دۆج و ئەلەنتەرا روویداوە ئەوەش بووەتە هۆی داخستی رێگاکە.
شۆفێرەکە وتیشی، تائێستا تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆ نەگەشتوونەتە شوێنەکە.
964 چەند جارێک پەیوەندی بە پۆلیسی هاتوچۆوی داقوقەوە کرد، بەڵام بەردەست نەبوون.
فەرمان نەشئەت بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق بە 964ـی وت، تاوەکو ئێستا هیچ بریندار یاخود گیانلەدەستدانێک نەگەشتووەتە نەخۆشخانەکەیان،
ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر پردەکەی داقوق رویداوە.
پردی داقوق بەدووری 30 کیلۆ مەتر دەکەوێتە باشوری شاری کەرکوکەوە.
پردەکە لە دوو ساید پێکهاتووە، سایدێکیان نزیکەی سێ ساڵە بەهۆی بارانبارینەوە داڕوخاوە و تاوەکو ئێستا چاکنەکراوەتەوە، هاتوچۆی هەردوو دیوی رۆیشتن و هاتنەوە بەسەر یەک سایدی پردەکەدا دەڕوات، ئەمەش وایکرووە ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بێت و رووداوی هاتوچۆی تێدا روبدات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی