کۆشکی سپی: لەگەڵ ئیسرائیل کۆکین کە شەڕ بەردەوام بێت

964+

ژووری هەواڵ

میدیاکانی نزیک لە حەماس دەڵێن: 12 منداڵی ساوا لە ژێر چاودێری پزیشکیدان لە نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە غەزە ئاوو کارەبایان لێ بڕاوەو لە هەر ساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە گیان لەدەست بدەن.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند فەرمانیان داوە کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکەیان و کەشتییە جەنگییەکانیان تا چەند هەفتەیەکی دیکە لە دەریای ناوەڕاست بمێننەوە بۆ ئەوەی نزیک بن کە ئیسرائیلەوەو لەکاتی پێویستدا بچن بە هانایەوە.

ئاژانسی دەنگوباسی ئێرانی رایگەیاند سیخوڕێکی سەر بە مۆساد لە ئێران لە سێدارە دراوە، دوای ئەوەی ساغ بووەوە ئەو کەسە هەندێ زانیاری بە دەزگا هەواڵگرییەکان داوە، لە نێویاندا چەند زانیارییەکی نهێنی داوە بە مۆسادی ئیسرائیلی.

کۆشکی سپی دەڵێت: لەگەڵ ئیسرائیل کۆکین لەسەر ئەوەی شەڕەکە چەند مانگێکی تر بەردەوام بێت، بەڵام دەبێت سوپای ئیسرائیل وردتر بێت لە دیاریکردنی ئامانجەکانی لە غەزە.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە سنوری لوبنان چەند راهێنانێکی سەربازییان ئەنجامداوە، هاوکات لە رێی فڕۆکەوە لە هەندێ نوسراو لە باشووری لوبنان بەردراوراونەتەوەو هۆشیاری دەدەنە حیزبوڵا.

میدیا فەلەستینییەکان چەند وێنەیەکیان بڵاوکردووەتەوەو دەڵێن سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست گۆڕستانەکان تێکدەدات و بە تانک و زرێپۆشەکانی بەسەر کێلەکاندا دەڕوات.