قەیران هەندێ پرۆژەی راگرتووە

رێگای مزگەتی گەورەی هێرۆ کۆنکرێت دەکرێت

964+
محەمەد عەلی ــ پشدەر

دوای وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی دارایی، رێگای مزگەوتی گەورە لە ناحیەی هێرۆ، لە رێگای شارەوانیی ناحیەکەوە، کە تێکەڵەرێژ بوو، کرا بە کۆنکرێت.

موحسین حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ بە 964ـی وت: “رێگای مزگەوتی گەورەی هێرۆ خراپبوو بەهۆی بارانەوە چاڵ و چۆڵی دروست ببوو، بە تایبەت لە وەرزی زستاندا بۆ هاوڵاتیان گرفتی دروست دەکرد، بەوهۆیەوە دوای رەزامەندی وەزارەتی دارایی، بە درێژی 135 مەتر و پانی پێنج مەترونیو، کۆنکرێت کرا.

ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی: بە بڕی زیاتر لە 13 ملیۆن دینار بە شێوەی جێبەجێكردنی راستەوخۆ لە لایەن لیژنەیەکی شارەوانی دەست بە كۆنكرێتكردنی گەڕەكی نابوور و بەردەم مزگەوتی گەورە و هۆڵی پرسەی ناوەندی ناحیەی هێرۆ کرا.

وتیشی: ئاگادارین گوندەکانی دیکەش رێگای خراپی لەو شێوەیان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەم قەیرانەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، نەمانتوانیوە جێبەجێیان بکەین، بەپێی پێویستیی شوێنەکان ناوە ناوە پڕۆژەی لەوجۆرەمان هەبووە، پلانمان هەیە لە ساڵی داهاتوودا، ئەوانەشی ماون جێبەجێیان بکەین بەو گوندانەشەوە کە لەناحیەکەمانەوە دوورن”.

ناحیەی هێرۆ لە قەزای پشدەر 150 ماڵە و ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 5000 كەسە و 28 گوندی ئاوەدانی بەسەرەوە هەیە.

پێداچوونەوە: موحسین عومەر

له‌ گوندێكی هێرۆ كوره‌یه‌كی خه‌ڵوز تێكدرا

له‌ گوندێكی هێرۆ كوره‌یه‌كی خه‌ڵوز تێكدرا