به‌ چوار دۆلار رۆناڵدۆ ببینه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ یانه‌ی نه‌سڕی سعوودی كریستیانۆ رۆناڵدۆ وه‌ك یاریزانی نوێی یانه‌كه‌ی بناسێنێت، هانده‌رانیش به‌ بلیت ده‌توانن له‌ یاریگه‌ ئاماده‌بن.

دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی ناوداری تۆپی پێی پۆرتوگال و جیهان گه‌یشته‌ ریازی پایته‌ختی سعوودیه‌، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كاتژمێر 07:00 به‌ كاتی كوردستان و ریاز، له‌ یاریگه‌ی مه‌رسول پارك، یانه‌ی نه‌سڕی سعوودی رۆناڵدۆ وه‌ك یاریزانی نوێی یانه‌كه‌ی به‌ میدیاكان و جه‌ماوه‌ر ده‌ناسێنێت.

یانه‌ی نه‌سڕ رایگه‌یاندووه‌، نرخی بلیتی چوونه‌ژووره‌وه‌ بۆ یاریگه‌ و بینینی ناساندنی رۆناڵدۆ، 15 ریالی سعوودیيه‌، كه‌ ده‌كات نزیكه‌ی چوار دۆلاری ئه‌مریكی.

یانه‌كه‌ ئاشكرای كردووه‌، داهاتی ئاهه‌نگه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ده‌زگه‌یه‌كی خێرخوازی ده‌به‌خشرێت.

یانه‌ی نه‌سڕی سعوودی گرێبه‌ستی بۆ دوو ساڵ و نیو له‌گه‌ڵ رۆناڵدۆ به‌ بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ واژوو كردووه‌.

رۆناڵدۆی ته‌مه‌ن 37 ساڵان، دوای بردنه‌وه‌ی 5 بالۆندۆر و ده‌یان نازناوی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ مانچسێته‌ر یونایتد، ریال مه‌درید و یوڤێنتۆس، پێش مۆندیالی قه‌ته‌ر، كه‌ مانگی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ له‌ 2021 گه‌ڕایه‌وه‌ یانه‌كه‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رۆناڵدۆ یه‌كه‌م یاریی خۆی له‌گه‌ڵ نه‌سڕی سعوودی له‌ 14ی ئه‌م مانگه‌ له‌ خولی سعوودیه‌ ئه‌نجام بدات.