لۆگۆی دەستەی گەشتوگوزار
"کەرەستەی دۆستی ژینگە بەکاربێنن"
دەستەی گەشتوگوزار: رێنماییەکانی کۆڕبەندی کەشوهەوا جێبەجێ دەکەین
964+
پێشەوا محەمەد
دەستەی گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت، وەک دەستەکەیان تەواوی ئەو رێنماییانە جێبەجێ دەکەن، کە لە کۆڕبەندی COP28 لە ئیمارات بەڕێوە دەچێت.
کۆڕبەندەکە لە چواری ئەم مانگەوە تا 12.12.2023 بە بەشداری نزیکەی 200 وڵات بەردەوام دەبێت و شاندێکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا و گۆڕانکارییەکان و کاریگەرییەکانی لە هەرێمەوە بەشدارییان تێدا کردووە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە 964ـی راگەیاند، شاندەکە نوێنەری ئەوانی تێدایە و پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانەی لە کۆڕبەندەکەوە دەدرێت بە وڵاتانی بەشداربوو.
وتیشی، “پرسی ژینگە و کەشوهەوا کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر کەرتی گەشتوگوزار، بۆیە بە گرنگییەوە لەو پرسە دەڕوانین بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر سروشتی کوردستان”.
“لە کۆڕبەندەکە دا دوو لایەن زۆر بە گرنگییەوە باس دەکرێن، یەکەمیان رێژەی سەوزاییە لە پڕۆژە گەشتیارییەکاندا و دووەمیشیان پرسی بەکارهێنانی کەرەستە و کەلوپەلی دۆستی ژینگەیە لەو پڕۆژانەدا و ئێمە پابەندی جێبەجێکردنیا دەبین”، ئەوەش قسەی ئیبراهیم عەبدولمەجیدە.