دیمەنێکی شاری لەندەن پایتەختی بەریتانیا.
بەدواداچوونی 964
نرخى ڤیزاى خێزانى بۆ بەریتانیا گران بوو
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى ناوخۆى بەریتانیا، بڕیاریداوە نرخى پێدانى ڤیزاى هاوسەرگیرى بۆ زیاتر لە دوو ئەوەندەى نرخى ئێستاى بەرز بکاتەوە.
بەپێى بریارەکە بێت، هەر کەسێک کە لە وڵاتى بەریتانیا دەژیت و بیەوێت هاوسەرەکەى بەشێوەى فەرمى بباتە بەریتانیا، دەبێت داهاتى ساڵانەى بۆ 38،700 پاوەند بەرز بکاتەوە، لە کاتێکدا ئێستا نرخەکە 18،600 پاوەندە.
ئەگەر ژنێک یان پیاوێکى کورد لە بەریتانیا بژیت و بیەوێت لە هەرێمى کوردستانەوە هاوسەرەکەى ببات، بەپێى ئەم بریارە نوێیە دەبێت داهاتى ساڵانەى 38،700 پاوەند بێت، بەڵام بۆ ئەوانەی تازە گەیشتوون و وەڵامی ئیقامەیان وەرگرتووە، بەبێ ئەم بڕیارە دەتوانن منداڵ و هاوسەرەکەیان ببەن.
حکومەتى بەریتانیا بەنیازە لە مانگى چوارى ساڵى 2024 بڕیارەکە بخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەگەر هەیە گۆڕانکارى بەسەردا بێت.
نزار هەورامى، راوێژکارى یاسایىیە و لە وڵاتى بەریتانیا دەژیت، ئاگادارى ئەم بریارەیە، بە 964ى وت، “چەند هۆکارێک لە پشت ئەم بڕیارەوەیە، حکومەتى بەریتانیا دایناوە ئەگەر ئەم پارەیە زیاد بکەن ساڵى 30 هەزار بیانی کەمتر دەچنە ناو بەریتانیا”.
بەوتەی نزار هەورامی حکومەتی بەریتانیا تێبینی کردووە، ئەوانەى کە لە رێگەى ڤیزاى خێزانییەوە دێنە بەریتانیا تێکەڵاوى کلتورى ئەو وڵاتە نابن و خۆیان جیا دەکەنەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتەوە دێن، جگە لەوە کەسێک کە هاوبەشەکەی دەهێنێت بۆ بەریتانیا، ئەو کەسە تازە هاتووە ئیش ناکات و هیچ سودێک بە حکومەت ناگەیەنێت، بەپێچەوانەوە لە حکومەت سودمەند دەبن، بۆیە حکومەتی بەریتانیا نایەوێت ئەو پرۆسەیە بەمجۆرە بەردەوامى هەبێت.
دواین بڕیارى حکومەتى بەریتانیا لەسەر ئەو بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2012 کە تێیدا رێگەیدا بە پێدانى ڤیزا بۆ ئەو کەسانەى دەیانەوێت هاوسەرەکانیان بهێننە بەریتانیا، بەو مەرجەى داهاتى ساڵانەیان بگاتە 18،600 پاوەندى بەریتانى.
بەبۆچوونی ئەو پارێزەرە سکاڵای کەسانی چالاکوان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کاریگەرى لەسەر بڕیارەکە دەبێت و ئەگەر هەیە گۆڕانکارى لە بڕیارەکە روبدات، بەڵام پێناچێت بڕیارەکە نەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵکو رەنگە داهاتەکە لە 38،700 پاوەندەوە کەمبکرێتەوە.
سەبارەت بە ناوەرۆکی بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیا نزار هەورامی دەڵێت، تائێستا رون نییە بڕیارەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ساڵانى پێشوو هاوسەرەکانیان بردووە یان نا، بەڵام لە مانگى چوارى ساڵى داهاتودا هەموو شتێک لە بارەى بڕیارەکەوە دەخرێتەڕوو، بڕیارەکە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە بۆ کارکردن دەچنە بەریتانیا و پێویستە ساڵانە ئەو 38 هەزار و 700 پاوەندە پەیدا بکەن کە بیانەوێت روو لەو وڵاتە بکەن، بەڵام کارمەندانى تەندروستى کە نزیکەى نیوەى ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە ئەو ڤیزەیە وەردەگرن، لەو زیادبونە دەبەخشرێن.