رێگری لە تانکەرەکانی غاز دەکرێت

هەفتەیەکە لە دوزخورماتوو قەیرانی غاز سەریهەڵداوە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

نزیکەی هەفتەیەکە لە قەزای دوزخورماتوو غازی ماڵان نەماوە و هاوڵاتیان زۆر بە زەحمەت دەستیان دەکەوێت، دەڵێن ناچارن بچن لە داقوق و کەرکوک غاز بکڕن.

ئەو تانکەرانەی کە لە کەرکوکەوە غاز دەبەن بۆ دوزخورماتوو، کێشەی پێدانی مۆڵەتیان هەیە، مانگانە دەبێت لە بەغداوە مۆڵەتەکانیان نوێبکەنەوە، ئەگەر نا لە بازگەکان رێگریان لێدەکرێت، داوا دەکەن ماوەی مۆڵەتەکان بکرێت بە شەش مانگ جارێک.

شۆفێری تانکەرەکان، مانگانە جاری وا هەیە نزیکەی 10 رۆژ چاوەڕێ دەکەن تا موڵەتەکەیان بۆ نوێدەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی قەیرانی غاز بۆ دانیشتووانی قەزاکە.

حوسێن جەلال، هاوڵاتییەکی گەڕەکی کۆماری خورماتووە، ئەو بە 964ی وت، “پێنج رۆژ دەبێت لە ماڵی خۆمان غازمان نییە و پەیوەندی دەکەین بە غازفرۆشەکان، دەڵێن غاز نییە لە کارگە و گۆڕەپانەکان و دەبێت چاوەڕێ بکەیت تا  غازیان بۆ دێت”.

ناسیح عەبدوڵا خاوەنی یەکێک لە کارگەکانی غازە لە خورماتوو، بە 964ی وت، نزیکەی هەفتەیەکە دەرگای گۆڕەپان داخراوە و غاز نییە و ئێمەش دەرگاکانمان داخستووە، چونکە ئیشمان نەماوە.

لە سنووری قەزای دوزخورماتوو دوو کارگەی غاز هەن و نزیکەی 10 گۆڕەپانی غازیش لە سنوورەکەیە.

حەسەن زەینولعابدین، قایمقامیەتی قەزای خورماتوو بە 964ی وت، “کێشەکە کاتییە و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر هێڵین بەزوویی چارەسەربکرێت، داوامان کردووە ئەگەر لە ماوەی دوو رۆژدا کێشەی غاز چارەسەر نەکرێت، ئەوا هەڵوێستی توندمان بەرامبەر ئەو بازگانە دەبێت، کە رێگرن لە هاتنی غاز بۆ خورماتوو”.

بە وتەی خاوەن کارگەکانی خورماتوو، ئەو بەشە غازەی کە دیاریکراوە، مانگانە 60 تانکەرە، دەڵین ئەو بڕە کەمە و پێویستە بکرێت بە 100 تانکەر بۆ ئەوەی گرفتی قەیرانی غاز لە قەزاکەدا نەمێنێت.

له‌ سلێمانى بازاڕی زۆپای غاز گەرمە و فرۆشی زیادیكردوە

له‌ سلێمانى بازاڕی زۆپای غاز گەرمە و فرۆشی زیادیكردوە