هۆڵێکی رۆشنبیریی مۆدێرن هونەرمەندانی هەڵەبجە لە خەم دەڕەخسێنێت

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

لە هەڵەبجە هۆڵێکی رۆشنبیریی مۆدێرن بە بەهای یەک ملیار و ٨٧٠ ملیۆن دینار لەسەر رووبەری چوار دۆنم زەوی دروست دەکرێت، سەرۆکی لقی سەندیکای هونەرمەندانی هەڵەبجەش دەڵێت، خەونی هەموو هەڵەبجەیی و هونەر دۆستانی پارێزگاکە بە دروستکردنی ئەم هۆڵە دێتەدی.

 دروستکردنی هۆڵەکە هونەرمەندان و شانۆکارانی پارێزگای هەڵەبجە لە خەم دەڕەخسێنێت، لەدوای تەواوبوونی کارەکانی، ئیتر پێویست ناکات بۆ بەستنی کۆڕ و سیمینار و کۆنسێرت و شانۆکانیان بچنە هۆڵەکانی سلێمانی.

کاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە 964+ی راگەیاند، لە رۆژی 1ی کانوونی دووه‌مى رابردووەوە دەستکراوە بە دروستکردنی هۆڵەکە و بڕیارە بەشێوەیەکی سەردەمییانە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرێت.

هۆڵەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دروست دەکرێت و بڕی یەک ملیار و 870 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت بڕیارە لە داهاتوودا چەند هۆڵێکی دیکەی هاوشێوە بکرێنەوە.

محەمەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی لقی سەندیکای هونەرمەندانی هەڵەبجە بە 964+ی وت، “ئەم هۆڵە وادەکات کار و چالاکییەکانمان زیاتر گەشە پێبدەین بۆ خزمەتکردنی هونەر لە هەڵەبجە.”

دەشڵێت، “خەونی هەموو هەڵەبجەیی و هونەر دۆستانی پارێزگاکە بە دروستکردنی ئەم هۆڵە دێتەدی… زۆر دڵخۆشین به‌كردنه‌وه‌ى ئه‌م هۆڵه‌.”

له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ سێ هۆڵ هه‌ن، یه‌كێكیان له‌ زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، ئه‌وی دیكه‌ش بۆ ئاهه‌نگی بووكگواستنه‌وه‌ی و سێیه‌میشیان رووخاوه‌، كه‌ هیچیان بۆ كاروباری هونه‌ری و رۆشنبیری گونجاو نین.