پەیکەرەکە لادەبرێت یان کابینەکە؟
کابینەیەک پەیکەرى دڵشاد مەریوانى لە چاوى خەڵک دەشارێتەوە
964+
وریا فەتاح
دانانى کابینەیەک پەیکەرى دڵشاد مەریوانى شاعیر و نوسەری شاردووەتەوە، شارەوانى سلێمانیش دەڵێت، ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەین.
پەیکەرى دڵشاد مەریوانى دەکەوێتە شاڕێى سالم، بەڵام بەهۆى دانانى کابینەیەک، پەیکەرەکە لە چاوى خەڵک شاردۆتەوە.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژى شارەوانى سلێمانیی بۆ 964 وتی، رۆژى یەکشەممەى داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەى دەوام، داواکارى بۆ سەرۆکى شارەوانى بەرز دەکەینەوە بۆ ئەوەى کارى پێویست بکرێت بۆ چارەسەرکردنى ئەو بابەتە.
964 زانیویەتى، کابینەکە هى کەسێکى خاوەن پێداویستى تایبەتە و کارتى مۆبایلى تێدا دەفرۆشرێت و بە رەزامەندى شارەوانى کابینەکە لەو شوێنەدانراوە، ژمارەیەک نوسەر لە گروپێکی چالاکی هونەری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک داوایان کردووە، بۆ ئەوەى گرفت بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکە دروست نەبێت، یان پەیکەرەکە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکى دیکە یان کابینەکە لەو جێگەیە لابدەن و بیگوازنەوە بۆ شوێنێک کە نەبێتە گرفت بۆ ئەو کەسە.
دڵشاد محەمەدئەمین فەتاحى مەریوانى، ناسراو بە دڵشاد مەریوانى، نوسەر و رۆژنامەوان و شاعیر و ئەکتەرى کورد بوو، لە 28.3.1947 لەدایکبووە و لە 13.3.1989 لەلایەن حکومەتی بەعسەوە دەستگیرکراوە و دواتر کوژراوە.