داری توو لە رێگای گوندەکە دەچێنن
هاوڵاتیانی گوندی شارستێن هەڵمەتێکی جیاوازیان دەستپێکردووە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
هاوڵاتیانی گوندی شارستێن لە ناحیەی بنگرد بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و جوانترکردنی سیمای گوندەکەیان هەڵمەتێکی نەمام چاندنیان دەستپێکرد و ئەمڕۆ هەزار داری توویان چاندووە.
دانیشتووانی گوندی شارستێن بۆ پاراستنی ئەو دارانەی چاندوویانە ئەنجومەنێکیان دروستکردووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە، 100 کەس لە دانیشتوانی گوندەکە بەشدارییان لە هەڵمەتەکە کردووە.
عەبدولرەحمان حوسێن ئەندامی ئەنجومەنی گوندی شارستێن بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ئەمڕۆ بەدرێژایی سێ کیلۆمەتر هەزار داری توومان چاند، بۆیە داری توو هەڵبژێردراوە بۆ چاندن چونکە لەگەڵ کەشوهەوای گوندەکەمان گونجاوە و زیاتر بەرگەی مانەوە دەگرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی گوندی شارستێن ئەوەش دەڵێت، تێچووی کڕینی دارەکان و دروستکردنی پەرژین بۆ پاراستنی دارەکان 10 ملیۆن دینار بووە و لەسەر ئەرکی هاوڵاتیانی گوندەکە بووە و تا سێ ساڵ چاودێری و ئاودانی دارەکان لە ئەستۆی هاوڵاتیانی گوندەکە دەبێت.
گوندی شارستێن سەربە ناحیەی بنگردە لە قەزای دوکان و زیاتر لە 90 خێزان نیشتەجێی گوندەکەن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی