دیمەنی یەکێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکی شێخان. وێنە:964+
گەڕەکێکی کەلەپورییە
دوای بەدواداچوونێکی 964 بەشێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکی شێخان پاککرانەوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
دوای بەدواداچوونێکی 964 بۆ گەڕەکی شێخانی کەلەپووری لە شاری سلێمانی و پیشاندانی خۆڵ و خاشاکێکی زۆر، شارەوانی سلێمانی بەشێکی پاککردەوە و دەشڵێت، هەموو گەڕەکەکە پاک دەکەنەوە.
گەڕەکی شێخان کەوتووەته تەنیشت شەقامی پیرەمێرد لە ناوبازاڕی شاری سلێمانی.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی سوپاسی 964 دەکات، لەماوەی رابردوو شارەوانی لە پیسبوونی کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکە ئاگادارکردوەتەوە دەڵێت، “ئەگەر هەر شوێنێکی تر پیس بوو و خۆڵ و خاشاکی لێ کۆبووبووەوە ئاگادارمان بکەنەوە تا پاکی بکەینەوە”.
وتیشی، “بەشێکی کۆڵانەکانی شێخانمان پاک کردووەتەوە و ئەوەی ماویشەتەوە بەنیازین سەرجەمی پاک بکەینەوە و هەوڵ دەدەین بە بەردەوامی بە پاکی رایبگرین”.
بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی، کە 964 وەریگرتووە، هەشت گەڕەکی سلێمانی خانووەکانیان بوون بە کەلەپوور و ئێستا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی سەرپەرشتیان دەکات، گەڕەکەکان بریتیین لە شێخان، سابوونکەران، مەڵکەندی، کانێسکان، سەرشەقام، جوولەکان، دەرگەزێن و ئابڵاخ.