بەبێ پرسی هێڵەکان ناتوانیت بە پاس گەشت بکەیت
رێگە بە کۆمپانیاکان نادرێت پاس ببەنە دەرەوەی شار
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
کۆمپانیاکانی بواری گەشتوگوزار گرفتیان لەگەڵ هێنانی گەشتیاری ئێرانی هەیە لەڕێگەی مەرزی باشماخەوە، رێگەیان پێنادرێت لە شاری سلێمانیەوە بە پاسی خۆیان بچن بەدوای گەشتیارەکاندا و بڕیارەکە لەم چەند رۆژە بەکرداری چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
عەتا ئەنوەر سەرۆکی کۆمەڵەی نوسینگە گەشتیارییەکان بە 964ی وت، چەند کۆمپانیایەکی بواری گەشتوگوزاری سلێمانی، لەڕێگەی مەرزی باشماخەوە گەشتیاری ئێرانی دەهێنن بۆ شاری سلێمانی، بەڵام لە کاتی هاتنەناوەوەی گەشتیاراندا رێگە بە کۆمپانیاکان نادرێت خۆیان پاسی تایبەت بنێرن بەدوای گەشتیارەکانیاندا.
بڕیارەکە ئەوەیە دەبێت لە ڕێگەی ئەو مینی پاسانەی لە مەرزەکەدا هەیە، ئەوان گەشتیارەکان بگوازنەوە ناو شاری سلێمانی.
نزیکەی 15 کۆمپانیا لە سلێمانی گەشتیار لە ئێرانەوە دەهێنن، گرفتی سەرجەمیان رێگە پێنەدانیانە بە ناردنی پاس لە سلێمانیەوە بە دوایاندا.
لەسەر ئەم بابەتە کازم ئەحمەد لێپرسراوی هۆبەی دەرەوەی شاری گواستنەوەی سلێمانی بە 964 وت، بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی گواستنەوە هەر ئۆتۆمبێلێک مۆڵەتی گواستنەوەی هاوڵاتیانی نەبێت، بۆی نیە هاوڵاتیان بگوازێتەوە، ئەو رێگایانەی هێڵی لەسەرە تەنیا مافی ئۆتۆمبێلەکانی ئەو هێڵەیە گەشتیار بگوازێتەوە.
لێپرسراوی هۆبەی دەرەوەی شاری گواستنەوەی سلێمانی دەڵێت، هەر ئۆتۆمبێلێکی کرێ بیەوێت گەشتیار لە ڕێگەیەکەوە بگوازێتەوە، دەبێت پرس بە بەرپرسی هێڵەکە بکات، کە رێگەی دەدەن یاخود نا.
ئەوەش دەڵێت، بابەتی رێگە نەدان تەنیا بۆ کۆمپانیا گەشتیاریەکان نیە، بەڵکو هەر کەسێک بیەوێت بە ئۆتۆمبێلێکی کرێ بچێتە دەرەوەی شار، گەر بۆ مەبەستی گەشت و سەیران و گەشتی زانستیش بێت، دەبێت رێگەیان پێبدرێت لەلایەن بەرپرسی هێڵی ئەو رێگایەوە، یاخود ئۆتۆمبێلیان بۆ دابین بکرێت.