"بە عەرەبی یان ئینگلیزی بخوێندرێن"
دەستەی گەشتوگوزار دەیەوێت پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی گەشتوگوزاردا بکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
دەستەی گەشتوگوزار دەیەوێت پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی خوێندنی گەشتوگوزاردا بکرێت و وتەبێژەکەی دەڵێت، دەیانەوێت پڕۆگرامەکان زیاتر پراکتیکی بن.
بۆ ئەو مەبەستە دەستەکە لەگەڵ هەریەکە لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە لەسەرخەتە بۆ ئەنجامدانی ئەو پێداچوونەوەیە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ـی راگەیاند، پێداچوونەوەکە بەو ئاراستەیە کە کادیری وا دروست بکرێت خواستی بازاڕی کەرتی گەشتوگوزار پڕ بکاتەوە.
وتیشی، “دەمانەوێت خوێندن لەو شوێنانە بە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی بێت، چونکە گەشتیارەکانمان زمانیان جیاوازە و پێویستی بە لێکتێگەیشتن هەیە لەگەڵ ئەوانەی لە کوردستان لەو کەرتەدا کاردەکەن”.
دەستەکە پلانێکی هەشت ساڵەی هەیە و دەیەوێت لەو ماوەیەدا پەرە بە 15 جۆری گەشتیاری بدات لە هەرێمی کوردستان.
“خوێندن لەو ناوەندان بە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی زیان بە زمانی کوردی ناگەیەنێت و ئێمە دەستپێشخەر بووین لە گرنگیدان بە زمانی کوردی لە گۆڕینی تابلۆی سەر شوێنەکان و بە کوردیکردنی لیستی خواردنی ریستۆرانتەکان”، ئیبراهیم عەبدولمەجید وای وت.