964 سۆراغى كردووه
دەڵێن لە هەولێر سەگ سەربڕدراوە، راستە؟
964+
ژووری هەواڵ
لە سۆشیال میدیا بە چڕی ئەو قسەیە بڵاوبووەتەوە کە دەڵێن چێشتخانەیەک لە بەحرکەی هەولێر سەگی سەربڕیوە و گۆشتەکەی بە خەڵک فرۆشتووە، 964 سۆراغی کرد، ئەوە وانییە، بەڵام حاڵەتێک هەیە جێی گومانە و ئاسایش لێی دەکۆڵێتەوە.
هەواڵەکە بەم شێوەیە بڵاوبووەوە: لە چێشتخانەیەک لە بەحرکە دەستگیرا بەسەر گۆشتی سەگدا، بەڵام ئاگاداربن ئەمە زانیارییە راستەکە نییە.
پەیامنێری 964 لە ئێوارەوە کەوتووەتە سۆراغی ئەو زانیارییە و لەو سەرچاوانەی پرسی، کە لە نزیکەوە ئاگادارن و خۆیان شوێن دۆسێیەکە کەوتوون، ئەمە راستی چیرۆکەکەیە:
زانیاری چووە بۆ ئاسایش کە سەری سەگێک لە سەربانی ماڵێک لە بەحرکە بینراوە، کاتێک ئاسایش دەچنە شوێنەکە دەبینن زانیارییەکە راستە و لەناو سەلاجەی ماڵەکەش گۆشتێکی گوماناوی هەبووە و نێردراوە بۆ پشکنین.
سەرچاوەیەکی ئەمنی جێی باوەڕ، کە لە نزیکەوە ئاگاداری کەیسەکەیە بە 964ی وت، ”خاوەنی ماڵەکە خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە، دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و وتوویەتی، “بەڵێ من سەگەکەم سەربڕیوە، جادوگەرێک پێی وتووم سەگ سەرببڕە و سەرەکەی لەسەربان دابنێ با منداڵتان ببێت”.
کاتێک هێزە ئەمنییەکان سەلاجەی ماڵەکەیان پشکنیوە، گۆشتێکی گوماناویان بینیوە، بەڵام لێی دڵنیا نەبوون ئاخۆ گۆشتی سەگەکەیە یا نا، بۆیە ناردوویانە بۆ پشکنین بەڵام هێشتا وەڵام نەهاتووەتەوە.
پەیامنێری 964 لە دەرودراوسێکانی ئەو پیاوە گوێی لێبوو، کە وتیان خاوەنی ماڵەکە لە چێشتخانە کاردەکات، بەڵام نەیتوانی لەم زانیارییە دڵنیاببێتەوە، لە زیاد لە سێ چێشتخانەی ئەو دەوروبەرەی پرسی، کەسیان نەدەیانناسی نە هەواڵیان لەبارەیەوە هەبوو.