بۆ چییانە؟
شارەوانی و زانکۆی سلێمانی بۆردێک پێکدەهێنن
964+
ئەحمەد مستەفا
شارەوانیی سلێمانی لەگەڵ زانکۆ خانەخوێکەی خۆی گەیشتنە رێکەوتن و لێکتێگەیشتنێک لەسەر دروستکردنی بۆردێکی هاوبەش، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی پلانسازی و تەلارسازی، هەروەها رێکخستنی شار و پاراستنی بەها کولتورییەکانی.
ئەم لێکتێگەیشتنە لە میانی سەردانێکی شاندێکی شارەوانیی سلێمانی بۆ زانکۆی سلێمانی هات، کە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆکەشیان بینی.
ئەمڕۆ دووشەممە 4.12.2023، زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ی وت، لە دیداریان لەگەڵ زانکۆی سلێمانی باسیان لە دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتر، لە نێوان هەردوولا کردووە، تا گەیشتوون بەوەی بۆردێک لە ئەندازیارانی هونەری و ستافی شارەوانی و مامۆستایانی و پسپۆرانی کۆلێژی ئەندازیاری دروستبکەن.
شارەوانی سلێمانی دەیەوێت عارەبانەکانی بازاڕ رێکبخاتەوە
لەو کۆبوونەوەدا ژمارەیەک سیمینار بۆ شاندەکەی شارەوانی پێشکەشکراون، بە وتەی شارەوانی سلێمانی بێت، پلانی تەلارسازی شار، بەرزیی باڵاخانەکان، سیمای شار، یەکگرتوویی دیزاینی بیناکان، ریکلامی سەر شەقام و باڵاخانەکان، فراوانیی شۆستەکان کە مافی گشتی و پیادڕەوە و بوونی شۆستەی فراوان خاڵێکی گرنگ و دیاری تایبەتمەندی شاری پێشکەوتووە، لەگەڵ بنیاتنانەوەی مزگەوت و بینا کۆن و کەلەپوورییەکانی شار بە بەرد و کەرەستەی شاری سلێمانی، تاوتوێ کراون.
هەروەک، جۆری بەکارهێنانی زەوی بۆ بوارەکانی نیشتەجێ، بازرگانی، پیشەسازی لە رووی لەبەرچاوگرتنی هاتوچۆ، قەرەباڵغی شەقامەکان و تەرخانکردنی شوێنی پارکینی ئۆتۆمبێل لە هەر بینایەکیان گفتوگۆی لەسەر کراوە و بۆردەکەش لەسەر ئەم میکانیزمانە کار دەکات.