حاسڵاتی ئێوارە

ئیسرائیل لە بۆردومانەکان زیرەکی دەستکرد بەکار دەهێنێت

964+

ژووری هەواڵ

لە رۆژی 59مینی شەڕەکەی حەماس و ئیسرائیل ئەمڕۆ چڕیی هێرشەکانی ئیسرائیل لەسەر خوارووی غەزە بوو، لەو ناوچانەی سوپای ئیسرائیل پێشتر وتبووی کە ناوچەی ئارامن.

رۆژنامەی گاردیان نووسیویەتی: ئیسرائیل لە بۆردومانەکانیدا پشت بە پرۆگرامێکی زیرەکی دەستکرد دەبەستێت بە ناوی (گۆسپیل) پرۆگرامەکە دیاری دەکات کە نۆرەی کام ناوچەیە بۆردومان بکرێت.

هەزاران ئیسرائیلی بەشدارییان کرد لە مەراسمی بە خاکسپاردنی فەرماندەیەکی سەربازی ئیسرائیلی، بەڵام میدیا فەڵەستینییەکان دەڵێن ئەو فەرماندەیەی ئیسرائیل باسی دەکات، تەرمەکەی لای حەماسە و ئیسرائیل تەنیا تابوتەکەی بە خاک سپاردووە.

چەند پارێزەرێکی هۆڵەندی داوەیەکیان دژی حکومەتی ئەو وڵاتە تۆمارکردووە و داوا دەکەن حکومەتی هۆڵەندا پارچەی فڕۆکەی F35 بە ئیسرائیل نەفرۆشێت، لەوە دەترسن لە هێرشەکانی بۆ سەر غەزە بەکاری بهێنێت.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی: بەهۆی تێوەگلانی لە گەندەڵییەوە ئەگەری لابردنی ناتەنیاهۆ زۆرە، بەڵام بەرپرسەکانی ئیسرائیل پێیان وایە تاکە دەرفەتی مانەوەی ئەوەیە یەحیا سنواری سەرکردەی حەماس لە غەزە بکوژێت.

کەناڵی NBC لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە: واشنتۆن تووشی سەرسوڕمان بووە لە دڕندەیی هەڵمەتە سەربازییەکی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە.