یەکێک لەو نمونانەی بۆبیری جوتیارێک دانراوە. وێنە:کشتوکاڵی هەولێر.
هەموو جوتیارێک لێی سوودمەند دەبێت
سیستمی کارەبای وزەی خۆر بۆ بیرەکانی جوتیارانی هەولێر دادەنرێت
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر پڕۆژەی دانانی کارەبای وزەی خۆر – Solar pump بۆ بیری جوتیارانی دەستپێکردووە و پڕۆژەکە بەهاوکاری رێکخراوە بیانیەکانە و ئیدی ئەو جوتیاران بۆ کارپێکردنی کارەبای بیرەکانیان پێویستیان بە کارەبای نیشتیمانی نابێت.
ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، بەهاوکاری رێکخراوی WHHی ئەڵمانی توانیویانە سیستمی کارەبای وزەی خۆر بۆ چوار جوتیار دابنێن، دوو لەو جوتیارانە لە قوشتەپە بوون و دووانی دیکەیان لە شەمامک بوون.
هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە 964ی وت، “بەرنامەمان هەیە هەموو جوتیاران ئەو سیستمەیان بۆ دابنرێت، لە هەنگاوی یەکەم 42 جوتیار تیایدا سوودمەند بوون”.
هەر بیرێک کە سیستمی کارەبای وزەی خۆری بۆ دادەنرێت 120 ئەمپێر کارەبای دەستدەکەوێت و بەئاسانی بیری ئاوەکە کاری پێدەکرێت و بەشێوەی 24 سەعات بیرەکە کارەبای دەبێت بەبێ بەکارهێنانی کارەبای نیشتیمانی، هێمن سەید موراد وای وت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ رایگەیاندووە، ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێش ئەم پڕۆژەیە بەردەوام دەبێت و هەموو جوتیارێک لێی سودمەند دەبێت، بەوتەی هێمن سەید موراد پڕۆژەکە هیچ تێچوویەک لەسەر جوتیارەکە نابێت و بەخۆڕایی بۆیان دادەنرێت.