50 کورسیان کارەبایین
خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی سلێمانی 1075 کورسیان پێدراوە
964+
ژووری هەواڵ
لە ئەمساڵدا، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی هەزار و 75 کورسی بۆ خاوەن پێداویستە تایبەتەکان دابین کردووە و دەڵێت، پێداویستی زیاتریشیان بۆ دابین دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3.12.2023، بەبۆنەی رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت، تەندروستیی سلێمانی ئامارێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەمساڵ یەک هەزار و 983 پشکنینی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئەنجامداوە بە مەبەستی پێداچوونەوە بە رێژەی کەمئەندامییەکەیان.
سامان لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لە رێگەی لیژنەکانەوە 50 کورسی کارەبایی و 875 کورسی ئاسایی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابینکراوە، هەروەها 150 کورسی دیکەش دابینکراوە بۆ یەکێتیی کورتەباڵاکان.
“لە رۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵێنی پیشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دووپاتدەكەینەوە بەهۆی ئەوەی ئەوان زیاتر شایستەن بۆ ئەوەی خزمەت بكرێن”، تەندروستیی سلێمانی وا دەڵێت.
ژمارەی ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن و لە لیستی موچەی هاوکاری کۆمەڵایەتی موچەیان بۆ بڕاوەتەوە زیاترە لە 77 هەزار کەس، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بۆ هەبوونی نزیکەی 120 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت دەدەن و زۆرترینی ئەو رێژەیە لە شاری هەولێرن.