ده‌ڵێن له كوردستان یه‌كه‌مجاره
له ئامێدى قاوە بە قەزوانی خۆماڵی دروست دەکرێت
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان کارگەیەک له سنوورى ئامێدى قاوە له قەزوانی خۆماڵی دروستده‌كات و ئه‌و كارگه‌یه‌ش كه‌وتووه‌ته ناحیەی دێرەلۆک.
964 له به‌دواداچوونه‌كانى بۆى ده‌ركه‌وتووه كه رۆژانە له‌و كارگه‌یه زیاتر لە 300 کیلۆ قاوەی قەزوان بەرهەم ده‌هێندرت، نرخی یەک کیلۆش بە 12 هەزار دینارە.
کامل رێکانی، خاوەنی کارگەكه بە 964ـى وت، له‌گه‌ڵ هاوڕێیەکى به‌یه‌كەوە ئەم کارگەیەیان دروستکردووه و ده‌شڵێت “یەکەمین کارگەین كه قاوە له قەزوانی ناوخۆ بەرهەم ده‌هێنین”.
وتیشی “نزیکەی ساڵێکە ده‌ستمان به‌كاركردووه و هەناردەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشى دەکەین”.
ئاماژە بەوەشکرد، قاوەکە بە شەش قۆناغ دروست دەکرێت، خواستێکی زۆری لەسەر، تێچووی دروستكردنى کارگەکەشیان نزیکەی 130 هەزار دۆلار بووە.
بەقسەی خاوەنى ئه‌م كارگه‌یە، ئه‌و قەزوانەى ده‌یكه‌نه قاوه، لە ناوچەکانی زێباری، شێلادزێ و بارزانەوە بۆیان دێت.
“هەندێک رۆژ بەهۆی زۆری خواست لەسەر قاوەکەمان، 500 بۆ 650 کیلۆ قاوەی قەزوان ئامادە دەکرێت” ئه‌وه‌ش قسه‌ى کامیل رێکانی خاوه‌نى كارگه‌كه‌یه.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن