ئاژانسێکی عێراقی وا دەڵێت

وادەی ناردنی 700 ملیارەکە سەرەتای هەفتەی داهاتووە

964+

ژووری هەواڵ

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی بەغداد یەوم کە لەزاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرای کردووە، رۆژی دووشەممە رێکارەکانی ناردنی سێیەمین 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بە سێ بەش دەگات.

ئەمڕۆ هەینی ئەو ئاژانسە رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە لەرێگەی هەر سێ بانکی رافیدەین، رەشید و بانکی بازرگانی عێراقی بە سێ بەش 700 ملیارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان.

بڕیارە بەو بڕەی دەگات موچەی مانگی 9ی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت.

هەفتەی رابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوە، شاندەکەی هەرێم دوو داواکاری لە سودانی هەبووە، جێبەجێکردنی رێکەوتنی بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، دووەم رەزامەندی نیشاندان لەسەر ناردنی سێ وەجبەی دیکەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێم.

رۆژی 17.9.2023 ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق رەزامەندیدا لەسەر ناردنی سێ وەجبە 700 ملیار دیناری بۆ هەرێم.

لە خاڵی دووەمی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هاتبوو، وەزارەتی دارایی ئەو بڕە قەرزە لە پشکی هەرێم بۆ ساڵی 2023 دەبڕێت.

لە خاڵی سێیەمی هاتبوو ئەگەر بودجەی هەرێم لەساڵی 2023 بەشی دانەوەی ئەو قەرزەی نەکرد، لە مانگەکانی ساڵی 2024 دەبڕدرێت.

لەخاڵی چوارەمی بڕیارەکە هاتبوو، وەزارەتی دارایی پارەی پێشەکی لەو بانکانە دادەنێت کە دیاریکراون کە یەکسان دەبێت بەو بڕە قەرزەی رادەکێشرێن لەلایەن هەرێمەوە.