بڕیارێکی حکومەت کرێی خانوی بەرزکردووەتەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
“بەپێی بڕیارێکی حکومەت، هەر خاوەن خانوویەک کە خانووەکەی بەکرێ دەدات دەبێت لەپێشدا قەرزی ئاو و کارەبا و زەڕیبەی خانووەکەی بدات ئینجا کرێچی بۆ بهێنێت”، ئەمە کرێی خانوی لە هەرێمی کوردستان بەرزکردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، بەرهەم سەردار سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی بڕیارێکی حکومەت و ژمارەی زۆری ئاوارەکان، کرێی خانوو زیادیکردووە.
“نرخی کرێ خانوو زیادیکردووە لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکردووە و دەڵێت هەر خاوەن خانوویەک کاتێک خانوو دەدات بە کرێ دەبێت ئەستۆپاکی خانووەکەی بکات، واتە خاوەن خانوو دەبێت بچێت پارەی ئاو و زەڕیبە و هەموو قەرزکانی دیکە بدات ئینجا بۆی هەیە بیدات بە کرێ”، بەرهەم سەردار وای وت.
خانویەکی زۆر لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەهۆی ئەم بڕیارەی حکومەت بە چۆڵی ماونەتەوە، یاخود کرێکانیان بووە بە دوو هێندە.
بە وتەی سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان، هۆکارێکی دیکە کە خانوو دەستناکەوێت و کرێ گرانبووە ئەوەیە کە ملیۆنێک و 32 هەزار عەرەبی ئاوارە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک هەن.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری هەرێم، زیاتر لە 200 هەزار کرێچی لە هەرێمی کوردستان هەن، ساڵانە ژمارەی کرێنشینان زیاد دەبێت.