سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شیرپەنجە لە سلێمانی. وێنە:964+
سەرەی نەخۆش بۆ پێنج مانگ گیراوە
ئەو سەنتەرەی بڕوانامەی وزەی ئەتۆمی وەرگرت لادانی تیشکەکانی لە 1% دەبێت
964+
رێژوان مامەقادر – سلێمانی
بەپێی داتا جیهانییەکان بێت، تاوەکو 5% لادانی تیشک هەبێت لە ئامێرەکانی پشکنینی شێرپەنجە کێشەی نییە، بەڵام سەنتەری ژیانەوە کە ئەمڕۆ بڕوانامەی وزەی ئەتۆمی وەرگرت، لادانی تیشکەکەی کەمترە لە 1%.
سەنتەری ژیانەوە تایبەتە بە چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە بە تیشک و لە ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی دامەزراوە، سەنتەرەکە لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەیوەست بە چارەسەری شێرپەنجە لە رێی تیشکەوە تۆمار کراو و بڕوانامەی پێ درا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.11.2023، بەمۆ نەقشبەندی، بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە بە 964ی وت، چەندین جارێک لە پشکنینەکانی ئەو ئاژانسە بەشداربوون بۆ دڵنیابوون لە بڕی ئەو تیشکەی بەکاردێت بۆ چارەسەری نەخۆشەکان، ئەوەش بە ناردنی هەندێک کەلوپەلی تایبەتی فیزیایی، کە نێردراوە بۆ ڤیەننا و لەوێ هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە.
جیاکردنەوەی پرۆتین لە بەکتریا رۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی شێرپەنجەی مەمک
دوایین بەشداریکردنی سەنتەرەکە لە مانگی حەوتی ئەمساڵ بووە و چەند رۆژێکیشە ئەنجامەکەی دەرچووە، بەوتەی بەمۆ نەقشبەندی بێت، “هەموو جۆرەکانی تیشکی سەنتەرەکەمان بەپێی داتاکانی ئەو ئاژانسە لە باشترین ئاستیدایە، بەپێی داتا جیهانییەکان تاوەکو 5% لادان هەبێت لە ستانداردی جیهانی کێشە نییە، بەڵام سەنتەرەکەی ئێمە کەمترە لە 1%”.
سەنتەرەکە لە بەشی، سیتی سکان، فیزیا و بینینی نەخۆش و کلینیکی دکتۆرەکان و بەشی ئامێرەکان پێکهاتوون، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، “لە ئێستادا دوو ئامێری چارەسەرکردنی شێرپەنجەمان هەیە، بەهۆی قەیرانی دارایی سازدانەوەیەکی باش بۆ ئامێرەکان ناکرێت، سەرەیەکی دوورودرێژمان هەیە، نەخۆش دەبێت چوار بۆ پێنج مانگ سەرە بگرێت کە ئەوە باش نییە و زانستی نییە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا