گورگ هێرشی نەکردووەتە سەر گوندەکەی پێنجوێن

میدیازان – ساغکردنەوەی هەواڵ لەلایەن هێمن بەکر

GETTY IMAGES

رۆژی 10ی ئەم مانگە هەواڵێک بڵاوکرایەوە، گوایە گەلەگورگ هێرشیکردووەتە سەر گوندێکی قەزای پێنجوێن و 100 سەر مەڕیان کوشتووە، بەڵام بەدواداچوونەکانی میدیازان دەریدەخات ئەو زانیارییانە راست نین.

چەندین پەیجی سۆشیال میدیا و تەنانەت بەشێک لەمیدیاکانیش کەوتنە داوی هەواڵی ناڕاستی هێرشی گەلەگورگەوە بۆ سەر گوندێکی پێنجوێن.

زانا رەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن ئەو هەواڵەی بەدرۆخستەوە و بە میدیازانی وت، “شتی وام نەبیستووە”.

“شتی وام نەبیستووە”

قائیمقامی پێنجوێن

ناوی ئەو گوندەی هەواڵە ساختەکەی لەسەر بڵاوکرایەوە بریتیە لە هەنگەژاڵ، سەر بە قەزای پێنجوێنە لە پارێزگای سلێمانی.

زانا رەحمان زیاتری وت، “تاوەکو ئێستا نە پۆلیسی دارستان و نە هیچ فەرمانگەیەکی دیکە ئەم بابەتەیان بۆ من نەهێناوە، هەربۆیە ئەسڵ و ئەساسی نییە”.

میدیازان سۆراغی گوندی هەنگەژاڵی کرد و توانی لەگەڵ مەلا عەبدولباقی قسەبکات، کە پێشنوێژ و وتارخوێنی ئەو گوندەیە، ئەویش لای خۆیەوە رەتیکردەوە گورگ هێرشیکردبێتە سەر گوندەکەیان و مەڕی لێ خواردبن.