وتەبێژی حکومەت: دوای سەری ساڵ موچە دابەش دەکرێت

964+
توانا نەقی – هەولێر

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ 11 موچە دابەشکراوە و موچەی مانگی کانونی یەکەم بەهۆی گرفتی تەکنیکییەوە دابەش نەکراوە و دوای سەری ساڵ دابەش دەکرێت.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە ماوەی یەک ساڵدا بەغداد تەنیا دوو جار 200 ملیارەکه ی بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام دەستەوەستان نەبوون و توانیویانە 11 موچە دابەش بکەن.

وتیشی، دابەشنەکردنی موچەی مانگی کانونی یەکەم بەهۆی گرفتی تەکنیکییەوە دابەش نەکراوە، لە دوای سەری ساڵ وەزارەتی دارایی خشتەی موچە رادەگەیەنێت و ئەو موچەیەش دابەش دەکرێت.

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت کاری لە پێشینەی تەنیا موچە نییە، بەڵکو بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوریی و روبەڕوبوونەوەی قەیرانەکانە.

بڕیاری ناردنی 400 ملیار دینارەکە لە بەغداد دەرچووە و لەو بڕوایەدان، ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی زۆر گەورە نەبن، هەرکاتێکیش پێویست بوو سەردانی بەغداد دەکەن بۆ تاوتوێکردنی پرسەکان، جوتیار عادل وا دەڵێت.

 لە دوو مانگی رابردوودا شاندی هەرێمی كوردستان دوو جار سەردانی بەغدایان كردووە، وا بڕیارە لە دوای پشووەكانی ساڵی نوێ جارێكی دیكە سەردانی بەغدا بكەن بۆ رێککەوتن و چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوانیان.