هۆکارەکەی چییە؟
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی: خۆکوشتن لە هەرێم بووە بە دیاردە
964+
پێشەوا محەمەد
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، خۆکوشتن لە هەرێم لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە، هۆکاری سەرەکیشی دەخاتەڕوو.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە 28.11.2023 رایگەیاند، توێژینەوەی زۆریان لە بارەی خۆکوژییەوە کردووە لە هەرێم و بۆیان دەرکەوتووە، هۆکاری سەرەکیی خۆکوشتن هاندانی دەوروبەر بووە بۆ خۆکوژەکە.
ئاماژەی بەوەش داوە، لە رووی یاساییەوە هیچ مادەیەکی یاسایی نییە سزای ئەوانە بدات خۆیان دەکوژن، یاخود هەوڵی خۆکوشتن دەدەن، “هەوڵی خۆکوشتن بە تاوان هەژمار نەکراوە”.
“دیاردەی خۆکوشتن کاریگەری و لێکەوتەی خراپی لەسەر خێزان و خانەوادەکان بەجێهێشتووە، بۆیە ئەنجامدانی توێژینەوەمان بە گرنگ زانی تا بتوانین سنوورێک بۆ خۆکوشتن دابنێین و بیگەڕێنینەوە بۆ حاڵەت و لە چوارچێوەی دیاردە بیبەینە دەرەوە”، ئەوەش قسەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە.