رێکخراوی ئاژەڵپارێزانی کوردستان وادەڵێن
بە شێوازێکی زۆر خراپ مامەڵە لەگەڵ سەگەکان دەکرێت
964+
شیراز عەبدوڵا
رێکخراوی ئاژەڵپارێزی کوردستان لە هەولێر گردبوونەوە و داوای بەهاناوەچوونی شێڵتەری سەگی هەولێر دەکەن و دەڵێن مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرە سەگەدا دەکرێت.
“گوێی سەگ دەبڕدرێت، لە سەگ دەدرێت، بە شێوازێکی زۆر خراپ مامەڵە لەگەڵ سەگەکان دەکرێت، رۆژ هەبووە پێنج سەگ لە کاتی نەشتەرگەری گیانی لەدەستداوە”.
ئەمانە بەشێکن لە قسەی ئەندامانی ڕێکخراوی ئاژەڵپارێزی کوردستانە، کە ئەمڕۆ دووشەممە لە بەردەم بینای پارێزگای هەولێر گردبوونەوە.
فەرمان فازڵ سەرۆکی ڕێکخراوی ئاژەڵ پارێزی کوردستان لە هەولێر بۆ 964 وتی،” چەند جارێک هەوڵیانداوە سەردانی شەێڵتەرەکە بکەن، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە،
وتیشی، سەگەکان تێکەڵاون و لە یەکتر جیانەکراونەتەوە، تەنیا چوار شوێن هەیە سەگەکان لە ژێریدا بحەوێنەوە و ستاندارد نییە و کەمە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی سەگ لە شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر”. سەبارەت بە دواکارییەکانی رێکخراوی ئاژەڵپارێزی کوردستان فەرمان فازڵ دەڵێت، “تەنیا دەمانەوێت هاوکاری سەگەکان بکەین، ئێمە ئامادەییمان هەیە بە خۆبەخشی کاریان لەگەڵ بکەین تەنیا با رێگەمان بدەن”.
شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر لەسەر رووبەری 20 هەزار دۆنم لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە دروستکراوە، لە 8ـی مانگی تەمموزەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگەکان لە هەولێر دەستیپێکردووە، رۆژانە دەیان سەگ بۆ شێڵتەرەکە دەبرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی