"سەلەی خۆڵی زیاتر دابنرێ"
خۆبەخشەکانی جوانی کوردستان لە کەناری دەریاچەی دوکان بوون
964+
ئەحمەد مستەفا
خۆبەخشە کوڕ و کچەکانی جوانی کوردستان، کەناری دەریاچەی دوکانیان لە پاشماوەی پلاستیک و نایلۆن پاکردەوە، داواش دەکەن لایەنە ئیدارییەکان سەلەی خۆڵ دابنێن، تا پاشماوە هەڵنەدرێتە ناو سروشتەوە.
کەمپینی جوانی کوردستان، گەورەترین کەمپەینی خۆبەخشیە کە لە لایەن چەند گەنجێکی سەربەخۆوە ئەنجام دەدرێت و ئامانجی کەمپەینەکە پاککردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەییە.
دانا نەجم، بەڕێوەبەری کەمپەینی جوانی کوردستان ئەمرۆ یەکشەممە 26.11.2023 بە 964ی وت، “پاش راگەیاندنی کەمپەینەکە لە 17.8.2023 وە تا ئێستا سێ چالاکی پاککردنەوە، لەلایەن ئەندامانی کەمپەینەکەوە خۆبەخشانە ئەنجام دراون، کە یەکەم و دووەم چالاکی لە دەریاچەی دوکان و چالاکی سێیەم لە سەیرانگای گۆڵی بووە.
زبڵ و خاشاک قەزای دوکانی پەرێشان کردووە
ئەوان لە کارەکانی دەریاچەی دوکان ماوەی سێ کاتژمێر یان پێ چووە و زیاتر لە 30 کیسە پاشماوەیان کۆکردووەتەوە، بەوتەی دانا نەجم بێت، لەو هەڵمەتەدا کەنارە ئاوییەکانی دەریاچەی دوکان پاککراوەتەوە، کە زۆرینەی پلاستیک، شووشە و نایلۆن بوون.
“داواکارین لە لایەنە ئیداریە پەیوەندیدارەکان، کە زیاتر لەشوێنە گەشتیارییەکان خزمەتگوزارییان هەبێت، و رێنمایی دابنرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی بۆ پاکڕاگرتنی پاک و خاوێنی، لە هەمان کاتتدا سەلەی خۆڵ دابنریت بۆ ئەوەی خەڵکی ناچار نەبن خاشاکەکانیان فڕێبدەنە ناو سروشتەوە” دانا نەجم وای وت.