کارەبای بازاڕی سلێمانی دەکرێتە سیستەمی پریپەید
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
+ڤیدیۆ
ساڵی داهاتوو کارەبای نێو بازاڕی سلێمانی دەکرێت بە سیستمی پریپەید (کارت)، ئێستاش
بەشێک لە تیمەکانی هۆبەی چاکسازی کارەبای پارێزگاکە، دەستیان بە رێکخستنەوەی فیدەرەکانی کارەبای دووکان و فرۆشگاکان کردووە.
سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، گۆڕینی سیستەمی کارەبای ناو بازاڕی سلێمانی بۆ سیستمی پریپەید دەکەوێتە ساڵی نوێوە و لەلایەن تیمەکانی هۆبەی چاکسازیی کارەبای رزگاری و مەڵکەنی و پارکی ئازادی ئەنجامدەدەرێت.
رێکخستنەوەکە سەرجەم ناو بازاڕ دەگرێتەوە، لەلای سەرشەقام بۆ فولکەی خانەقا و لەوێوە بۆ شەقامی کاوە و دواتر بۆ لای نەخۆشخانەی عەلی کەمال و لەوێوە بەرەو فولکەی دەستەکە.
سیستمی پریپەیدی کارەبا، پرۆژەیەکی حکومەتە و لە سەرەتای مانگی تەممووز دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و بە دانانی سیستمەکە پسوولەی خوێندنەوەی کارەبا و زانیارییەکان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی و راستەوخۆ لە ماڵانەوە دەبێت.
بەشێک لە خاوەن دوکانەکان ناڕازین لە دانانی سیستەمی پریپەید، دەڵێن کرێی زیاتریان بۆ دەگەڕێتەوە، بەشێکی دیکەشیان دەڵێن ئەگەر کارەبا ببێت بە 24 کاتژمێری ئەوا شتێکی باشە.
پشتیوان نوری، دوکاندار لەنێو بازاڕی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، “پێوەری زیرەک [سیستمی پریپەید] کارێکی باشە ئەگەر کرێی کارەبای دوکانەکان وەک یەکەی بازرگانی هەژمار نەکرێت.”
سیامەند محەمەد دوکاندارێکی دیکەیە، ئەو بە 964+ی وت، ئەگەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا ببێت بە 24 کاتژمێری ئەوا کارێکی باشە، بەڵام وەک ئێستا بێت رەتیدەکەنەوە.
بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، نرخی کارەبا کراوە بە پێنج جۆر، شوێنی بازرگانی ١٥٦ دینارە بۆ یەک کیلۆ وات، پیشەسازیی دوو جۆرن کە ١٢٠ و ١٤٠ دینارن، کشتوکاڵیی ٣٦ دینارە و ماڵانیش ١٨ دینارە.