بەشێکیان لە بەغدان
مامۆستاکانی بازگەی چیمەن گەڕانەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەو مامۆستایانەی کە لە 31 پاسدا، وەک نوێنەرایەتی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان لە بازگەی چیمەن رێگریان لێکرا، پاش بێ ئومێدبوون لە رێگەدانیان بۆ چوونە بەغدا گەڕانەوە بۆ سلێمانی.
پەیامنێرمان لە بازگەی چیمەنی دەروازەی کەرکوک ئەوەی پشتڕاستکردەوە و وتی، بەشێک لە مامۆستاکان بێ ئومێد بوون لە رێگەپێدانیان و دەستیان بە گەڕانەوە کردووە بۆ سلێمانی، هەروەک وتوویانە، لەوێ دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە.
لە دوێنێ وە، بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی گەیشتوونەتە مەیدانی ئازادی “ساحە تحریر”ی شاری بەغدا و ئەمڕۆ یەکشەممە لەوێ گردبوونەتەوە، ئەو مامۆستایانە لەگەڵ کاروانی پاسەکانی مامۆستایان نەبوون و بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان چوونەتە بەغدا.
بەرهەم مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، ئەوانەی لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین بەڕێكەوتوون لە بازگەی چیمەن رێگریان لێکراوە، ئەوانەشی لە گەرمیانەوە هاتوون لە بازگەی کوڵەجۆ رێگریان لێکراوە.