بەهۆی نەخۆشییەوە

مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵانی حەویجە بۆ ماوەی 14 رۆژ داخرا

964+

كاروان ساڵحی – كەركوك

بە هۆی بڵاو بونەوەی نەخۆشیەوە و مرداربونەوەی چەند ئاژەڵێك مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵان ماوەی چەند رۆژێكە لەقەزای حەویجە بە بڕیاری قایمقامیەت داخرا

نزیكەی 15 رۆژە جۆرە نەخوشیەكی نوێ تووشی ئاژەڵان بوە و بە تایبەتی بەرخ و مەڕ و بەران بە ناوی شینبوونەوەی زمان، لە ناوچەكانی ریاز و حەویجە و زاب و عەباسی و سەرگەڕان و یایچی بڵاوبووەتەوە و چەند سەر ئاژەڵێك مرداربوونەتەوە.

عەلی ئەحمەد یەكێك لەو كەسانەی چەند سەر ئاژەڵێكی مرداربووەتەوە بە 964ـی وت، ئەو نەخۆشیە تووشی چەندین سەر ئاژەڵم بووە و تاوەكو ئێستا زیاتر لە پێنج سەر ئاژەڵ مرداربووەتەوە.

سەرچاوەیەكی باوەڕ پێكراو لە ئیدارەی كەركوك بە 964ـی وت، “ئەو نەخۆشیە لەو ئاژەڵانەوە گوازراونەتەوە بۆ حەویجە و دەوروو بەری كە بە قاچاغ هێنراون لە وڵاتی سوریاوە”، ئەو نەخۆشیە نەگوازراوەتەوە بۆ گامێش و مانگا و گوێرەکە، هەر بەو هۆکارەش قایمقامیەتی قەزای حەویجە مەیدانی ئاژەڵانی حەویجەی داخست.

دكتۆر مەنسور ئەحمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێرتێرنەری فێركاری كەركوك بە 964ـی وت ، ئەو نەخۆشیە نوێیە تاوەكو ئێستا هۆكارەكەی روون نییە چەندین پشكنینمان كردوە و نمونەمان ناردووە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بزانین ئایە ڤایرۆسێكی وەرزیە یاخود نەخۆشیەكی گوازراوەیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی