ژنانی هەڕەشەلێکراوی کەرکوک دەحەسێنەوە

+964

کاروان ساڵحی – کەرکوک

چیتر ژنانی هەڕەشەلێکراوی ناچنە سلێمانی بۆ داڵدەدانیان، لە کەرکوک ماڵۆچکەیەکیان بۆ دروست دەرکرێت.

دوای ساڵانێکی زۆر، لە شاری کەرکوک شێڵتەری داڵدەدان بۆ ژنانی هەڕەشەلێکراو کرایەوە، لە توانایدا هەیە 28 ژنی هەڕەشەلێکراو داڵدە بدات، تەنانەت یاری منداڵانیشی لێیە بۆ ژنانی دایک.

پێشتر بەهۆی بەبوونی شێڵتەر، ژنانی هەڕەشەلێکراوی کەرکوک یان رەوانەی شێڵتەری سلێمانی و هەولێر دەکران یانیش لە ماڵی موختار دەمانەوە.

شێڵتەرەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی کانونی یەکەم، ئامادەبونی وەزیری كاروكارباری كۆمەڵایەتی عێراق و پارێزگاری كەركوك و بەرپرسانی حکومەتی خۆجێی شارەکە کرایەوە.

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ +964  وتی، “شێڵتەر لە پارێزگاكانی عێراق شتێكی نوێیە، پێشوتر دادوەر، ئەو جۆرە کەیسەی دەنارد بۆ شەڵتەری سلێمانی و هەولێر، یان لە بەندیخانەی تەسفیرات لەگەڵ ژنانی بكوژ و ئاڵودەی ماددەی هۆشبەر دەمانەوە”.

عەلی حەمادی، ئەوەشی وت، “لەماوەی شەش مانگی رابوردوو، لەبەر بێجێگەیی پێنج ژنی هەڕەشەلێكراو لەناو ماڵی موختار ماونەتەوە، بەڵام ئیتر لەم شەڵتەرە دەمێننەوە تاوەکو سێ مانگ و ئەو کاتەی گرفتەکەیان یەکلایی دەبێتەوە”.

ئەحمەد جاسم ئەسەدی، وەزیری كاروكارباری كۆمەڵایەتی، بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن وتی، “کەرکوک  لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عێراق بووە دووەم پارێزگا دوای بەغدا کە شەڵتەری تێدا بکرێتەوە”.

شەڵتەرەکەی کەرکوک دەکەوێتە گەڕەکی غەرناتە، باڵەخانەیەکی دوو نهۆمییە، توانای لەخۆگرتنی 28 ژنی هەیە.