دیمه‌نێكی كاتى راده‌ستكردنه‌وه‌ى پێنج كێڵگه‌ى مین له سیده‌كان... وێنه: ده‌زگاى مینى هه‌ولێر
دوو كێڵگه‌ى دیكه‌ش راده‌ست ده‌كرێنه‌وه
له سیده‌كان پێنج كێڵگه مین به پاككراوه‌یی درانه‌وه خاوه‌نه‌كانیان
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ده‌زگاى مینى هه‌ولێر، پێنج كێڵگه مینى له سنوورى قه‌زاى سیده‌كان، به پاككراوه‌یی راده‌ستى خاوه‌نه‌كانیان كرده‌وه و ده‌شڵێت، ئه‌مساڵ دوو كێڵگه‌ى دیكه‌ش راده‌ست ده‌كه‌ینه‌وه.
رووبه‌رى پێنج كێڵگه پاككراوه‌كه‌ى سیده‌كان 317 هه‌زار و 416 مه‌تر دووجا بوو، 763 مین و 54 پاشماوه‌ى ته‌قه‌مه‌نى جه‌نگییان تێدا ده‌رهێندراون و چاره‌سه‌ر كراون.
عه‌لى عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ده‌زگاى كاروبارى مینى هه‌ولێر به 964ـى وت، ماوه‌ى پاككردنه‌وه‌ى ئه‌م پێنج كێڵگه مینه، كه‌متر له 11 مانگ بووه، له رێكه‌وتى 1.1.2023 ده‌ستیپێكردووه و له 13.10.2023 كۆتایی به پاككردنه‌وه‌یان هاتووه.
وتیشی “ئه‌و زه‌ویانه‌ى راده‌ستكرانه‌وه پێشتر وه‌ك له‌وه‌ڕگا به‌كارهاتبوو، ئێستاش خاوه‌نه‌كانیان به‌مه‌به‌ستى داچاندنى ره‌ز و له‌وه‌ڕگا و شوێنى نیشته‌جێبوون سوودى لێ ده‌بیننه‌وه”.
به قسه‌ى عه‌لى عه‌بدولڕه‌حمان، سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر به 50 كیلۆمه‌تر دووجا خاكێكی پیسبووه و به مین و ته‌قه‌مه‌نى داچێندراوه، ئه‌مه‌ش كاتى ده‌وێت تا پاككردنه‌وه‌یان كۆتایی پێدێت.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، ئه‌مساڵ له سنوورى هه‌ولێر ته‌نیا ئه‌م پێنج كێڵگه مینه راده‌ستى خاوه‌نه‌كانیان كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام وتیشی “به نیازین تا كۆتایی ئه‌مساڵ دوو كێڵگه مینى دیكه‌ش به پاككراوه‌یی راده‌ستى خاوه‌نه‌كانیان بكه‌ینه‌وه”.