مانگێکە کۆچبەرە کوردەکانی لوبنان ئازاد نەکراون

964+
توانا نەقی – هەولێر

نزیکەی مانگێکە 30 کۆچبەر کە بەشێکیان کوردن و هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن، ویستوویانە لە لوبنانەوە بڕۆنە ئەوروپا، بەڵام لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون و تا ئێستا ئازاد نەکراون.

جەمال عەبدولعەزیز، باوکی چوار لەو کەسانەی دەستگیرکراون بە 964+ی وت، “دوو کوڕ و بوکێک و کوڕەزایەکم لە 5ی تشرینی دووەمەوە لە ماڵ دەرچوون و لە گەل قاچاخچی بەڕێکەوتوون بۆ ئەوروپا، بەڵام مانگێکە دەزانین کە لە لوبنان دەستگیرکراون و لە گرتوخانەدان”.

وتیشی، هەر خێزانەکەی ئەو نین چەند کوردێکی تری باشوری کوردستانیان تێدایە، بەنیازبوون لە رێگەی لوبنانەوە بڕۆنە وڵاتی ئیتاڵیا، بەڵام لە بەیروت دەستگیرکراون.

جەمال عەبدولعەزیز، ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەر لە هەوڵدان لە رێگەی چەند پەرلەمانتارێکی عێراق و کونسوڵخانەی عێراق لە لوبنان بۆ سۆراغ و بەردانی کەسوکاریان.

بەپێی ئامارێکی دەزگای لوتکە، لە ساڵی 2022  زیاتر لە 71 هەزار کۆچبەر، لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە کۆچیان کردووە، لەو رێژەیەش سەدا 70یان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.