چارەسەری بۆ ئەو کەسانە خراوەتە روو

دوای سێ ساڵ لە کەرەنتینە بەدوای مۆڵەتی شۆفێریەکانیاندا دەگەڕێن

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

لە ساڵی 2020 بەهۆی کۆرۆناوە قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا، ئەو شۆفێرانەی پابەند نەبونایە و بچونایەتە دەرەوە بەڵگەنامەی شۆفێریان لێوەردەگیرا، دوای سێ ساڵ تا ئێستا چەندین شۆفێر مۆڵەتەکانیان ون بووە و نەیاندراوەتەوە.

کاروان قادر هاوڵاتی شاری سلێمانییە، ئەو یەکێکە لەو شۆفێرانەی لەکاتی کەرەنتینەدا لە مانگی چواری ساڵی 2020 بەهۆی چونە دەرەوەی، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە مۆڵەتی شۆفێریەکەی لێوەرگیراوە.

کاروان قادر بە 964ـی وت، “ماوەی سێ ساڵە چاوەڕوانم مۆڵەتی شۆفێریەکەم وەربگرمەوە، سەردانی هاتوچۆی سلێمانیم کردووە و پێم دەڵێن، “مۆڵەتەکەت لای ئێمە تۆمار نیە”.

لەسەر ئەم بابەتە عەقید بەهمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی رۆژئاوای سلێمانی بە 964ـی وت، لەکاتی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری، کارمەندی هاتوچۆ لەگەڵ هەندێک لە مەفرەزەکان نەبون، بۆیە چەند حاڵەتێکی ونبوون هەبوە لە کاتی گەڕاندنەوەی بەڵگەنامەکان بۆ هاتوچۆ.

باسی لەوەکرد، “کاتی کەرەنتینە تێکەڵیەک لە شێوازی لێپێچنەوەکاندا هەبووە، چونکە دۆخەکە پێشبینیکراو نەبوو”.

وتیشی، ئەو کەسانەی بەڵگەنامەیان ونبووە، دەتوانن داواکاری ونبوون پێشکەشبکەن و لە هاتوچۆی سلێمانی بە ئاسانی بۆی دروست دەکرێتەوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر

کێشەی مۆڵەتی شۆفێری 1400 کەس چارەسەر کرا

کێشەی مۆڵەتی شۆفێری 1400 کەس چارەسەر کرا